هەڕەشەی کوشتن، مێسی لە خەونەکەی دووردەخاتەوە

13-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، وازی لە خەونێکی لەمێژینەی هێنا، بەهۆی ئەوەی نامەیەکی هەڕەشەئامێزی لە چەند چەکدارێکەوە پێگەیشت.
 
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا و هاوڕێی نزیکی لیۆنێل مێسی، پێشتر رایگەیاندبوو، لیۆ بەجددی بیر لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی نیوڵز ئۆڵد بۆیز دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی بەریتانی، ئەو پەیامە هەڕەشەئامێزەی کە مێسی لە چەند چەکدارێکی ئەرجەنتینییەوە پێیگەیشتووە، وایکردووە پاشگەزبێتەوە لە گەڕانەوە لەم هاوینەدا بۆ نیۆز ئۆڵد بۆیز، بەڵکو ئەگەری هەیە بۆ هەمیشە بیر لە گەرانەوە نەکاتەوە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، میدیا ناوخۆییەکانی ئەرجەنتین و سەرۆکی شارەوانی شاری رۆزاریۆ بڵاویانکردەوە، دوو کەس بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە فرۆشگایەک کردووە کە خاوەنەکەی بنەماڵەی ئەنتۆنێلا رۆکۆزۆ، هاوژینی لیۆنێل مێسییە، بەڵام خۆشبەختانە تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
 
هەروەها ئاشکرایانکرد، ئەو تەقەکەرانە پەیامێکی دەستنووسیان بۆ لیۆنێل مێسی لەسەر دەرگای فرۆشگاکە جێهێشتووە، کە لەسەری نووسرابوو "چاوەڕێتین مێسی، خاڤکینی سەرۆکی شارەوان رۆزاریۆش بازرگانی ماددەهۆشبەرەکانە، بە کەڵکت نایەت و ناتپارێزێت". کە ئەوکات ئەو هەڕەشەیە بە هەڕەشەی کوشتن لێکدرایەوە.
 
لیۆنێل مێسی، پێشتر چەندینجار رایگەیاندبوو کە خەونی گەڕانەوەیە بۆ ریزەکانی یانەی نیوڵز ئۆڵد بۆیز، کە یانە منداڵی ئەوە و لەوێوە چووەتە نێو جیهانی تۆپی پێ.
 
ئەرجەنتینییەکان ئێستا مێسییان زۆر خۆشدەوێت و وەک سومبولی نیشتیمانی سەیری دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی توانی بەر لە 3 مانگ لە قەتەر نازناوی مۆندیال بۆ ئەرجەنتین بباتەوە، بۆیە ئەوان رازی نین هیچ کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت هەڕەشە لە مێسی بکات، یان کارێک بکات لیۆ لەنێو وڵاتی خۆیدا و تەنانەت لە زیدی خۆیدا هەست بە مەترسی بکات.
 
ئەوکات ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران و کۆمەڵێک لە چالاکوان و رێکخراوەکان داوایان لە حکومەتی ئەرجەنتین کرد، بە جددی کار لەسەر ئەو دۆسییە ترسانەکە بکات و بە زووترین کات تاوانباران دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو پرسە دەستگیر نەکراوە.
 
گابریێل هاینزێ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش، ئەوکات رایگەیاند، هەڕەشەکردن لە مێسی لەنێو رۆزاریۆدا شێتایەتییە، بێگومان ئەم کارە وادەکات مێسی دوور لە ئەرجەنتین بمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە