چاڤی باسی ریال مەدرید و بڕیارەکانی ناوبژیوانان دەکات

13-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "شایستەی بردنەوە بووین بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو و بە هاوکاریی ناوبژیوانان بردنەوە تۆمار ناکەین."
 
شەوی یەکشەممە یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە، رەتکردنەوەی گۆڵێکی یانە باسکییەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتیی هاندەرانی یانەی میوانداری لێکەوتەوە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە دوای یارییەکە گوتی "شتەکە دووبارە بووەوە، 75 خولەک یارییەکی زۆرباشمان کرد و ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد، بەڵام وەک هەمیشە لە سان مامێس لە کۆتاییدا ئازار دەچێژین."
 
راهێنەری بلاوگرانا زیاتر دەڵێت "پارێزگاریمان لە جیاوازیی 9 خاڵمان لەگەڵ ریال مەدرید کرد، بە متمانەوە دەچینە کلاسیکۆ، سێ خاڵی زۆر گرنگمان بەدەستهێنا و شایستەی بردنەوە بووین."
 
لەبارەی ئەو گۆڵەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا لە یانەی ئاتلێتیک بیلباو رەتکرایەوە، چاڤی گوتی "زۆر بە روونی دیاربوو تۆپەکە بەر دەست کەوت، متمانەی تەواومان بە بڕیارەکانی ناوبژیوانان هەیە و هەرگیز هەستم نەکردووە بە هاوکاریی ناوبژیوانان سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە."
 
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "دوو بۆ سێ هەلی روونمان لەدەستدا بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم تۆماربکەین، بۆیە ناچاربووین پارێزگاری لە ئەنجامی یارییەکە بکەین، پێویستە کاتێک دەچینە پێشەوە ئارامتربین و باشتر مامەڵە بکەین."
 
راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە رازیبوونی خۆی لە ئاستی یانەکەی پێشاندا و گوتی "زۆر رازیم، ئێمە 9 خاڵ لە ریال مەدریدی پاڵەوانی لالیگا و چامپیۆنزلیگەوە دوورین."
 
بارسێلۆنا بەبردنەوەی یارییەکەی شەوی یەکشەممە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 65 خاڵ بەرزکردەوە، یاریی داهاتووی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەبێت لە یاریگەی کامپ نو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە