نهێنی نوێ لەبارەی دۆسێی 'بەرتیلدانەکەی بارسا' ئاشكرا بوون

13-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بارسێلۆنا بارتۆمیۆ خوان لاپۆرتا نێگرێرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، نهێنی و زانیاری نوێ لەبارەی دۆسێی تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا بە گەندەڵیی وەرزشی ئاشکرا بووە، کە پەیوەندی بە پارەدانی یانەی بارسێلۆنا بە خۆسێ ماریا ئینریکێز نێگرێرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی پێشووی لالیگاوە هەیە.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دەزگای باجی ئیسپانیا دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە نێگرێرا لە ماوەی نێوان 2016 تاوەکو 2019 پارەی زۆری کاشی لە ئەژمارە بانکییەکەی راکێشاوە و داویەتی بە لایەنی سێیەم.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، گومان هەیە لەوەی ئەو پارانە بەشێک بن لەو 7 ملیۆن یۆرۆیەی کە نێگرێرا لە بارسێلۆنای وەرگرتووە.
 
مارکا هەروەها ئاشکرایکردووە کە نێگرێرا بڕی 550 هەزار یۆرۆی بەیەکجار راکێشاوە، بەبێئەوەی دیار بێت داویەتی بە کێ و شوێنی پارەکەش دیار نییە.
 
زیاتر دەڵێ، کە سەیر لە رووداوەکەدا ئەوەیە کە نێگرێرا لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا، بڕی 150 هەزار یۆرۆی راکێشاوە و داویەتی بە لایەنی سێیەم و ئەو لایەنەش دیار نییە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێ، ئەو پارانەی نێگرێرا وەریگرتوون لە بارسێلۆنا بەپێی پسوولەکانی وەرگرتن، تاوەکو ئێستا دیار نین.
 
وەزارەتی دارایی ئیسپانیا گومانی لەوە هەیە کە نێگرێرا ئەو پارانەی بۆ چ مەبەستێک بەکارهێناوە، لە کاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تێچووی هەموو گەشت و مانەوە و خواردنی ئەوی لە ماوەی بوونیدا لە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لە ئەستۆ گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە