نەیمار دژ بە ویستی سانجێرمان دەوەستێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دژ بە ویستی کارگێڕیی یانەکەی دەوەستێتەوە و چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەکە ئاشکرا دەکات.
 
پێشتر، لە دوای پێکانی ئەمجارەی نەیمار کە بەهۆیەوە نەشتەرگەری ئەنجامدا وەرزی ئەمساڵی کۆتاییهات، میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردبوو، لە پاش چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، کارگێڕیی یانە پاریسییەکە بڕیاریداوە شۆڕشی گۆڕانکاری لە ریزەکانیدا بکات و بۆ ئەوەش گرێبەستی مێسی و رامۆس نوێناکاتەوە و بڕیاریداوە نەیمار لە تیپەکەی دووربخاتەوە.
 
دەنگۆکانی گۆڕانکاری پاشئەوە گەرمبوون کە سانجێرمان جارێکی دیکە لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا لەسەردەستی بایرن میونشنی ئەڵمانی کرایە دەرەوە.
 
میدیای ئینگلتەرا لەزاری سەرچاوەی تایبەتەوە ئاشکرایانکردووە کە نەیمار سوورە لەسەرئەوەی بەدرێسی سانجێرمانەوە واز لە یاریکردن بهێنێت و نەچێتە هیچ یانەیەکی دیکە.
 
ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، "ئەستێرە بەرازیلییە تەمەن 31 ساڵییەکە، کە گرێبەستەکەی لە 2027 لەگەڵ سانجێرمان کۆتایی دێت، نایەوێت بچێتە هیچ یانەیەکی دیکە و دەیەوێت لە پاریس بمێنێتەوە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی".
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە نەیمار لە ماوەی رابردوودا ئەو دەنگۆیانەی بیستووەتەوە کە باس لەوە دەکەن، لویس کامپۆسی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بڕیاریداوە کە هاوینی ئەمساڵ نەیمار لە یانەکە بەڕێبکات و ئەگەر کەسیش نەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات، سانجێرمان یەکلایەنە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
بەپێی سەرچاوەکان، ویستی نەیمار لە بەردەوامبوون لە سانجێرمان و گرێبەستی گواستنەوەکەی لە ساڵی 2017دا کە زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ لەسەر سانجێرمان کەوتووە، رێگرن لەوەی هیچ یانەیەک بەئاسانی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار بکاتەوە.
 
پێشتر نەیمار لە 2019دا بە ئاشکرا ویستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەبڕیبوو، بەڵام پاریس سانجێرمان داواکارییەکانی خۆی بۆ دەستهەڵگرتن لەو ئەستێرە بەرازیلییە بەشێوەیەک بەرز کردەوە، بارسا نەیتوانی گرێبەستی لەگەڵدا بکات.