لە یارییەکی لیبرتادۆریسدا 8 یاریزان بە کارتی سوور دەردەکرێن

رووداو - هەولێر

لە یارییەکی پڕ لە تووندوتیژیدا، کە لە پاڵەوانێتی لیبرتادۆریس لەنێوان گریمیۆ و ئینتەرناسیۆنال بەڕێوەچوو، ناوبژیوان 8 یاریزانی بە کارتی سووور دەرکرد.

یارییەکە، کە لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو، بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

یارییەکە تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر هەموو شتێک سەراوژێر بووەوە و یاریگە بووە مەیدانی شەڕ لەنێوان یاریزانانی هەردوولا، کە ناوبژیوانەکە بۆ کۆنترۆلی یارییەکە پەنای بردە بەر کارتە سوورەکان.

لە خولەکی 85 شەڕە بۆکس لەنێوان یاریزانە سەرەکی و یەدەگەکانی هەردوو تیپدا روویدا و بەربوونە گیانی یەکدی.

ناوبژیوانی یارییەکە سەرەتا دوو یاریزانی لە هەر لایەک بە کارتی سوور دەرکرد و دواتر چوار یاریزانی دیکەشی لە هەردوولا دەرکرد.

لەدوای یارییەکە ریناتۆ پرتالۆبی راهێنەری گریمیۆ گوتی "ئەمە شەرمەزارییە شەرمەزارییە، عەیبە ئەوە لەنێو یاریزانانی پیشەگەردا رووبدات، یارییەکە جوان بوو تاوەکو شەڕەکە روویدا، بەڕاستی نابێ کەس ئەوە ببینێت".

ئیدواردۆ کوردیتی راهێنەری ئینتەرناسیۆنالیش گوتی "ئەمە جاری یەکەمە لە یارییەکی تۆپی پێدا ببینم هەر تیپێک بە حەوت یاریزان یاری بکات، بەداخەوە کە منداڵانمان کاری وامان لێببینن".