رۆجێر فێدێرێر بەرەو نازناوی شەشەمی ئیندیان وێڵز هەنگاودەنێت

13-03-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
..
..
نیشانەکردن رۆجێر فێدێرێر تێنس
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆجێر فێدێرێری سویسری هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی شەشەمی تێنسی ئێندیانا وێلز نزیکبووەوە، دوای ئەوەی خۆی گەیاندە قۆناخی چوارەمی پاڵەوانێتییەکە، لە رکابەریی نێوان هەردوو خوشکە ئەمریکییەکەشدا ڤینۆس ویلیامز، سێرینای خوشکە بچووکی خۆی کردە دەرەوە و ڤۆژنیاکیش بە زەحمەت سەرکەوتنی هێنا.

بڕینی قۆناخێکی دیکە و نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوێکی دیکەی ئێندیانا وێلز، لەلایەن رۆجێر فێدێرێر یەکەمی ریزبەندی جیهان بەردەوامە.

لە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەدا مایسترۆ رووبەڕووی فیلیپ کراینۆڤیچی سێربی بووەوە، دەستپێکی یارییەکە هێزی 36 ساڵە ئەزمووندارەکەی سویسرای بەخۆیەوە بینی و ئەو کۆمەڵەیەی بە شەش دوو بردەوە.

باڵادەستیی خاوەنی 5 نازناوی پاڵەوانێتییەکە لە کۆمەڵەی دووەمدا زیاتر رەنگی دایەوە و ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش یەک بردەوە و هەنگاوێکی دیکەی بەسەرکەوتوویی بڕی.

 

لەسەر ئاستی کچاندا ڤینۆس ویلیامزی ئەمریکی سێرینا ویلیامزی خوشکی بچووکی لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە.


سێرینا کاریگەریی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان بەبۆنەی بوون بەدایک پێوە دیاربوو و کۆمەڵەی یەکەمی بە سێ شەش بە خوشکە 37 ساڵەکەی دۆڕاند.

لە کۆمەڵەی دووەمدا رکابەریی هەردوو خوشکەکە زیاتر بەهێزبوو، بەڵام ڤینۆس توانیی ئەو کۆمەڵەیەش بە شەش چوار بباتەوە و لە ساڵی 2014ەوە یەکەم یاریی لە سێرینا بردەوە و لە قۆناخی داهاتووشدا رووبەڕووی ئانستاسیا سیڤاستۆڤای لاتیڤی دەبێتەوە.


کارۆلین ڤۆژنیاکی دانیمارکی دووەمی ریزبەندی جیهان پێویستی بە سێ کۆمەڵە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەلیکساندر ساسنۆڤیچی بێلارووسی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.

ڤۆژنیاکی دوای رکابەرییەکی زۆر کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش چوار بردەوە.

لە کۆمەڵەی رکابەرییەکە پێچەوانەبووە و تێنسزانە بێلارووسییەکە باشترین ئاستی پێشکەشکرد و بە شەش دوو یارییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاییکەرەوە.

لەو کۆمەڵەیەدا ئاستی کارۆلین ئاستی خۆی گەراندەوە و توانیی بە ئەزموونی چەند ساڵەی خۆی ئەو کۆمەڵەیە بە شەش سێ یەکلاییبکاتەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو.

دارشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە