3 پرسیار لە رۆبێرتۆ كارلۆس:
كریتسانۆ پێویستی بە چاڤی و ئینێستا نییە
"بەرشلۆنە بێ راهێنەریش هەر باشترین یانەی جیهانە و دەتوانێت لە میلانیش بباتەوە"
رادیۆی ئۆندا سیرۆی ئیسپانی لە هەڤپەیڤینێكدا چەندین پرسیاری ئاراستەی رۆبێرتۆ كارلۆسی بەرگریكاری ئەفسانەیی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی كردووە، (رووداوی وەرزشی) وەڵامی 3 لەو پرسیارانە دەكاتە كوردی:
1 ـ ئێستا كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لووتكەی ئاستبەرزی خۆیدایە، رای تۆ لەو بارەوە چۆنە؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: بەڵێ كریستیانۆ بووەتە سەرچاوەی سەركەوتنەكانی ریال مەدرید، هەركاتێ ویستی ئاراستەی یاری بۆ بەرژەوەندی تیپەكەی دەگۆڕێت. ئەو لە سەرەتای ساڵی تازەوە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر پێشكەش دەكات، بەڕای من پێویستە ئەمساڵ تۆپی زێڕینی بدرێتێ. كریستیانۆ پێویستی بە چاڤی و ئینێستا و پویۆل نییە بۆ ئەوەی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات. هەناسەدانی كریستیانۆ هەناسەدانی ریال مەدریدە.
2 ـ پێتوایە ئیتر بەرشلۆنە هەیبەتی خۆی لەدەستداوە و چیتر باشترین یانەی ئەوروپا نییە؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: نەخێر، هێشتا بەرشلۆنە باشترین یانەی ئەوروپایە، ناكرێت لەبەر 3 یاری قسە لە سەر تەواوبوونی سەردەمی بەرشلۆنە بكەین. هەرچەندە بەرشلۆنە ئێستا بێ راهێنەرە، بەڵام ئەو یانەیە بێ راهێنەریش هەر یانەی ژمارە یەكی جیهانە. بەڕای من دەتوانێت لە میلان بباتەوەو خۆی بگەینێتە قۆناخی هەشتەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، چونكە ئەو تیپی كاتە زەحمەتەكانە.
3 ـ راستە دەڵێن تۆ نەتدەویست لە ریال مەدرید بڕۆی، بەڵام دەریانكردی؟
رۆبێرتۆ كارلۆس: لە راستیدا من دەمویست 2 یان 3 ساڵی دیكە لەگەڵ ریال مەدرید بمێنمەوە، بەڵام بەداخەوە دوو كەس دەیانویست من بڕۆم و هەر ئەوەش روویدا. هەرچۆنێك بێت هیوادارم ریال مەدرید هەمیشە سەركەوتوو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ