ڤیدیۆ؛ چامپیۆنزلیگ گەڕایەوە و پاشا گەشایەوە

13-02-2024
ئیحسان تاهیر
لایپزیگ - ریال مەدرید 23:00
لایپزیگ - ریال مەدرید 23:00
نیشانەکردن لایپزیگ ریال مەدرید چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە و پاشای ئەوروپا دەست بە یارییەکانی پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی دەکاتەوە و جارێکی دیکە چێژ دەبەخشێتەوە جیهان.
 
ریال مەدرید دەبێتە میوانێکی رەزاقورسی یانەی لایپزیگ و هەوڵدەدات لەنێو یاریگەی رێدبول ئارێنادا ئەڵمانەکان تووشی شکست بکات و بەردەوام بێت لەو زنجیرە ئەنجامە باشانەی کە تیپەکە لەم ماوەیەی دواییدا بەدەستیهێناون.
 
ریال مەدرید وێڕای بێبەشبوون لە تواناکانی چەندین یاریزانی سەرەکی بەهۆی پێکانەوە، لەم یارییەدا ناتوانێت سوود لە تواناکانی جود بێلینگهامی ئەستێرەی ئینگلیزی و یاریزانی ژمارە یەکیشی ببینێت، بەڵام تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی سەلماندوویەتی کە ئەو تیپە نییە بە ئامادەنەبوونی یاریزانێک و دوو یاریزان ئاستی دابەزێت، تەنانەت هەندێجار لە کاتی تەنگانە و بە ئامادەنەبوونی یاریزانە گرنگەکانی باشتر یاری دەکات، وەک ئەوەی بەر لە سێ رۆژ بەرامبەر جیرۆنا لە لالیگادا بینیمان.
 
لۆس بلانکۆس تاوەکو ئێستا وەرزێکی نایابی پێشکێشکردووە، ئەو تیپە کە لە کۆمەڵەی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ ناپۆلی ئیتاڵی و یونیەن بەرلین ئەڵمانی و سپۆرتینگ براگای پۆرتوگال یاری دەکرد، لە شەش یارییدا شەش سەرکەوتن و 18 خاڵی بەدەستهێنا.
 
لایپزیگ لە کۆمەڵی حەوتەمدا سوودی لەوە وەرگرت کە جگە لە مانچێستەر سیتی، هەردوو یانەی ئاسانی یەنگ بۆیز و سرڤینا زڤیزدا لە کۆمەڵەکەدا بوون و بە دووەم گەیشتە ئەم قۆناخە، بۆیە دەزانێت کە ئەمجارە ئەرکی بەرامبەر پاشای چامپیۆنزلیگ چەند زەحمەتە و پێویستە هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەبەردەمیدا بوەستێتەوە.
 
ریال مەدرید دەیەوێت هەر لەنێو ئەڵمانیادا ئەرکی خۆی ئاسان بکات بۆ ئەوەی لە یاریی نێو سانتیاگۆدا ناچار نەبێت لەژێر گوشاردا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن بدات، هاوکات لایپزیگ هەڵدەدات بە سوودوەرگرتن لە خاک و جەماوەر سوپرایزێکی گەورە بەرامبەر تیپێکی گەورە بکات، کە بەدڵنیاییەوە روودانی سیناریۆیەکی لەو جۆرە ئاسان نابێت، هەرچەندە مەحاڵیش نابێت.
 
بەچاوپۆشین لە جیاوازی زۆری نێوانیان لە رووی مێژوو، و نێوبانگەوە، ئەو دوو یانەیە لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوانیان لە چامپیۆنزلیگدا، تۆمارێکی یەکسانیان هەیە، دووجار یارییان لەگەڵ یەکدی کردووە و هەریەکێکیان جارێک براوە بوونە.
 
هەرچۆنێک بێت، پێشبینییەکان لە بەرژەوەندی یانە ئیسپانییەکەدان و لە رووی کواڵیتییەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەڵام راستییەکیش هەیە و ئەڵمانەکان هەمیشە لەنێو خاکی خۆیاندا دەتوانن سوپرایز بکەن، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر پاشا و گەورەکانی ئەوروپاش بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە