گواردیۆلا: ئەوەی هالاند کردی مێسی و رۆناڵدۆش نەیانکردووە

13-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ئێرلینگ هالاند چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی باس لە رووبەڕووبوونەوەی یانەی کۆپێنهاگنی دانیمارکی دەکات و دەڵێت "ئەوەی هالاند کردوویەتی مێسی و رۆناڵدۆش نەیانکردووە."
 
گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە لەبارەی زۆر پرسەوە قسەیکرد و گوتی "رێزێکی زۆر لە کۆپێنهاگن دەگرین، ئەوان لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکردووە، پێویستە لە رووی هزرییەوە زۆرباش ئامادەبین، یارییەکە زۆر هاوسەنگ دەبێت، بەدەستیانەوە دەناڵێنین و هەست بەوە دەکەم."
 
پێپ یاریزانەکانی لە مەترسیی کۆپێنهاگن ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت "هێشتا نەگەیشتووینەتە سەر ریتمی پاڵەوانێتییەکە و دەبێت بە هۆشیارییەوە یاری بکەین."
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی دڵخۆشیی خۆی بە گەڕانەوەی ئێرلینگ هالاند بۆ نێو تیپەکەی پێشاندا و دەڵێت "ئەو رکابەرێکی گەورەیە، لە زۆر رووەوە هاوکاریمان دەکات و کاری زۆر دەکات، ئەو تەنیا پێویستیی بە تۆمارکردنی گۆڵ نییە."
 
گواردیۆلا کە هەمیشە مێسی بەباشترین یاریزانی مێژوو ناودەبات دەڵێت "ئەوەی هالاند کردوویەتی لەم تەمەنەدا، مێسی و رۆناڵدۆش نەیانتوانیووە بیکەن، ئەو عەقڵیەتێکی نایابی هەیە و ژمارەکانی سەرسوڕهێنەرن."
 
پێپ لەبارەی کۆپێنهاگنەوە زیاتر گوتی " ئەوان تیپێکی بەهێزیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئاستێکی بەرزیان پێشکێسکردووە و لە رووی بەرگرییەوە تیپێکی رێکخراون."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راهێنەری پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ دەڵێت "پێش چەند ساڵێک، لە راستیدا دەمگوت پاڵەوانێتییەکە بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە، بەڵام هەموو ئەوە بۆ ئێمە بووە ئەزموون، ئێمە لە ماوەی 3 ساڵدا دووجار گەیشتینە یاریی کۆتایی و جارێکیش پێشکۆتایی، ئێستا هەموومان لەو باوەڕەداین کە دەتوانین سەربکەوین، ئەوە باشترین میراتە بۆ ئێمە."
 
ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کۆپێنهاگنی دانیمارکی یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە