رووداو هەولێر
یارییەکانی قوناخی دووەمی خولی بالەی یانە بژاردەکانی عێراق لە بەغدا بەردەوامە، یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی بلیتی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین بڕی.
لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا 8 یانە رکابەری دەکەن، فیدراسیۆنی بالەی عێراق یارییەکانی خولی بژاردەی بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەبات، یارییەکانی قۆناخی یەکەم لە شاری هەولێر بەڕێوەچوون، ئێستاش قۆناخی دووەم لە بەغدایە و یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوو تیپی کوردستانن کە بەشداری خولەکەن.
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە، تیپەکە بەسەرکردایەتی سەلمان مەرزقی راهێنەر و بەهێنانی یاریزانێکی ڤەنزوێلی و یاریزانێکی کوبی توانیویەتی لەو چوار یانەیەی پێشەنگی ریزبەندیی بالەی عێراق بێت، بەر لە تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی بژاردەش پەڕینەوەی بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین مسۆگەر بکات.
هەرچی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە وەرزی ئەمساڵ دوو یاریزانی رووسی هێناوەتە ریزەکانی و تیپەکە بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکانی، چاوەڕواندەکرێت پێشمەرگەی سلێمانی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمسال بکات.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە یانەی هەولێر یاری لەگەڵ جەیش بکات، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش رکابەری یانەی شورتە دەکات.
سەلمان مەرزوقی، راهێنەری تیپی بالەی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بەرووداو، رایگەیاند "ئاستبەرزی یاریزانەکانم جێگای شانازی و دڵخۆشیمە، بەڵێنی رکابەری و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشمان بەدەستەی کارگێری و هاندەرانمان داوە، ئێمە سەرکەوتین بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێرین لێرەوە بیر لە نازناوەکە دەکەینەوە".
یانەی هەولێر جارێک نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردووەتەوە و بەشداری پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی کردووە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خاوەن نازناوێکی عێراقە و پێنج جار بەشداری پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ