چوار یانە بەهۆی بوومەلەرزەوە لە خولی تورکیا کشانەوە

13-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی تورکیا بوومەلەرزە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا داواکاریی چوار یانەی بۆ خۆ کشانەوە لە خولی یانە نایابەکانی وڵاتەکە قبوڵکرد، کە بەهۆی بوومەلەرزەوە بڕیارییانداوە لە خولەکە بکشێنەوە.
 
بەرەبەیانی 6ـی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند و بەو هۆیەوە هەزاران کەس گیانیانلەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر وەرزشی تورکیا دروستکرد و بەو هۆیەوە چەند یانەیەک بڕیاری کشانەوەی لە خولی سوپەر لیگی تورکیا داوە.
 
ئەو یانانەی خۆیان کشاندووەتەوە هاتای سپۆر، غازی عەنتاب سپۆر، یەنی مالاتیا سپۆر و ئەدەنە سپۆرن، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و داواکارییەکەشیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە قبوڵکراوە.
 
بەپێی راگەیێنراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، لە دوای خۆ کشاندنەوەیان لە خولەکەدا، هەموو ئەو یارییانەی کە ئەو یانانە ماویانە، بە 3-0 لە بەرژەوەندی تیپە رکابەرەکانیان هەژمار دەکرێت.
 
جگە لەوەش هەر چوار یانەکە دەرگای بەڕووی گەڕانەوەی یاریزانە پیشەگەرەکانیان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
 
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، یانەکانی تورکیا بڕیارییانداوە 1000 کۆنتێنەر وەک هاوکاری پێشکێشکی ئەو ناوچانە بکەن، کە بوومەلەرزە زیانی پێگەیاندوون، هەروەها 59 ملیۆن لیرەی تورکی، لە مافی پەخشی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی تورکیا بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکە پێشکێشدەکرێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕی 5 ملیۆن لیرە، لە مافی پەخشکردنی یارییەکانیان لە هەریەکە لە یانەکانی بێشکتاش، گاڵاتەسەرای، ترابزۆن سپۆر و فێنارباخچە و 3 ملیۆن لیرەش لە یانەکانی دیکە کەمدەکاتەوە بۆ هاوکارییکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە