پەیامی چاڤی لە بارەی بردنەوەی لالیگا، مانچێستەر یونایتد و یۆرۆپالیگەوە

13-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رەتیدەکاتەوە نازناوی لالیگایان یەکلاکردبێتەوە و دەڵێت " هێشتا زۆر یاری ماون ئەنجامیانبدەین، سەیری یارییەکی مانچێستەر یونایتدیشی کردووە و گوتی رکابەریکردنیان زۆر زەحمەت دەبێت."
 
چاڤی لە دوای بردنەوەیان لە ڤیاریال، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا گوتی " نەخێر نەخێر، یەکلایی نەبووەتەوە، لە راستیدا هێشتا 17 یاری ماون پێویستە ئەنجامیان بدەین، ریال مەدرید 18 یاریی ماوە، بۆیە تۆپی پێی زۆر هەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین، بەڵام دڵخۆشم بەوەی لەسەر رێگەیەکی راست دەڕۆین و ئەنجامی باش بەدەستدەهێنین، ئێمە باشین بەڵام پێموایە دەتوانین باشتریش بین، ئێمە زۆر بەختەوەرین و بەباشی لەگەڵ یەکدی کاردەکەین، هاودەنگییەکی زۆر لەنێو تیپەکەدا لە یاریگەدا هەیە، ئەمە شتێکی زۆر نایابە بۆ بردنەوەی یارییەکانی هاوشێوەی یارییەکەی بەرامبەر ڤیاریال."
 
پرسیارێک لە چاڤی کرا کە بۆچی 7 یاریی ئەم وەرزەیان بە 1-0 بردووەتەوە؟ راهێنەرەکە لە وەڵامدا گوتی " ئەمە چەکی سەرەکی ئێمە نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ئێمە باشە، دەمانەوێت تیپێکی هێرشبەرانەمان هەبێت، دەمانەوێت بەدرێژایی 90 خولەک تۆپ لە ناوچەی مەترسی تیپی بەرامبەر بێت، دەمانەوێت گۆڵی دووەم و گۆڵی سێیەمیش بکەین، بەڵام ئێمە لەبارەی ئەوەوە قسەدەکەین کە یارییەکان 1-0 دەبەینەوە، لە راستیدا ئێمە هەلی تۆمارکردنی گۆڵی زیاترمان بۆ دەرەخسێت، بەڵام لە هەندێک کاتدا لە بڕیاداندا کاریگەر نین، بەراستی هەلی زۆر باشمان دێتەپێش، سێ بەرامبەر دوو، یان دوو بەرامبەر یەک، سەرەڕای ئەوەی یارییەکان 1-0 دەبەینەوە ئێمە تیپێکی هێرشبەرین."
 
لەبارەی رکابەریکردنیان بەرامبەر یانەی مانچێستەر یونایتد لە یۆرۆپالیگدا و سەیرکردنی دوایین یاریی رکابەرەکەیان، چاڤی بە رۆژنامەڤانانی گوت " مانچێستەر یونایتد ئێستا بە بارودۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، ناتوانیت پێشبینی بکەیت، ئەوان بەشێوەیەکی زۆرباش یارییدەکەن و راهێنەرێکی زۆرباشیان هەیە، رکابەریکردن بەرامبەریان زۆر قورسدەبێت، بەڵام بەپەرۆشین بۆ بردنەوە لێیان، بەڵێ یارییەکەیانم بەرامبەر لیدز یونایتد بینی."
 
بارسێلۆنا بەبردنەوەی لە ڤیاریال بە 1-0 درێژە بە ئەنجامە باشەکانیدا و پێشەنگی ریزبەندی لالیگای بەهێزترکرد، ئێستا یانەکە بە کاتی بەجیاوازیی 11 خاڵ لە پێش ریال مەدریدە و لە 16 یاریی رابردوودا یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە