هەولێر بارسای کوردستانە، دەبێت لە هەمووان زیاتر رێز لە یاسا و ناوبژیوان بگرێت

ئیحسان تاهیر

وەرزش لە کوردستان هەندێک جوانی هەیە، بەڵام کەموکوڕی و ناشیرینییەکانی هێندە زۆرن، ئەو جوانیانەیان شاردووەتەوە.

وەرزش واتە هەرسکردنی شکست و سەرکەوتن، کەچی لەم مەملەکەتەی ئێمەدا کەس شکست قبوڵ ناکات، کاتێکیش شکست قبوڵ ناکەی لە رووی سایکۆلجییەوە پەرچەکردار و کاردانەوەت دەبێت، کە بەداخەوە هەمیشە ئەو پەرچەکردارە لەنێو یاریگەکانی ئێمە بە تێهەڵدانی ناوبژیوان کۆتایی دێت.

لە وەرزشی کوردستاندا کەس لە ناوبژیوان گوناحتر نییە، هەمیشە قوربانی بووە، باجی هەر فیکەیەکی شەقێکە یان بەلای کەمەوە جنێوێک، ئەو فاوڵ بگرێت لێیدەدرێت، نەشگرێت هەر لێیدەدرێت، کەسیش نییە بیپارێزێت، بۆیە پرۆسەی سووکایەتیکردن بە ناوبژیوان لەنێو یاریگە وێرانەکانی کوردستاندا تا دێت خێراتر و بەرفراوانتر دەبێت.

من بەلامەوە سەیرنییە کە هەموو رۆژێ دیمەنەکانی سووکایەتیکردن بە ناوبژیوان لەنێو یاریگەکانی کوردستاندا دەبینم، چونکە کاتێک سزادانی یاریزانێک بۆ کێشانی شەقێک یان مستێک بە ناوبژیوان تەنیا 400 هەزار و 4 یاری راگرتن بێت، هاندەریش لەپێش چاوی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە هەرچی دەکات هیچی لەسەر نەبێت، ئەوە ئێوەن هانی هەمووان دەدەن هەرکاتێ فیکەی ناوبژیوانی قوڕبەسەر بەدڵیان و لە بەرژەوەندیاندا نەبوو، رقی خۆیان بە لێدان و تێهەڵدانی ناوبژیوان بەتاڵ بکەنەوە.

من دەزانم هیچ شتێک و هیچ هەوڵێک و تەنانەت نیازێکیش نییە بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە، ناوبژیوانان هەر بە ستەملێکراوترین بوونەوەری نێو  وەرزشی کوردستان دەمێننەوە، ئەو وتارەشم بۆ ئەوە نەنووسیوە شتێک لەو بارەوە بگۆڕم، تەنیا مەبەستمە وەک هاندەرێکی سەرسەختی یانەی هەولێر، شتێک بەبیریان بهێنمەوە، کە پێدەچێت لەبیریان چووبێتەوە، کە بێگومان ئەوە باشترە لەوەی لەبیری خۆیان بردبێتەوە.

هەولێر گەورەترین و بەناوبانگترین و پیشەگەرترین یانەی کوردستانە، 4 نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێناوە و دووجار گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا، دەکرێت بڵێین بارسێلۆنای کوردستانە، کەواتە یانەیەک چەند گەورەتربێت بەرپرسیاریەتییەکەی گەورەتر دەبێت، پێویستە ئەو یانە گەورەیە زیاتر لە هەمووان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات و پیشەگەرانە مامەڵە لەگەڵ یاریی تۆپی پێدا بکات.

بەرپرسانی یانە خۆشەویستەکەی پایتەخت، ئێوە لەجیاتی ئەوەی ببنە نموونەیەکی بەرز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوبژیوانان، خەریکە خەڵکی فێری ئەوە دەکەن چۆن شکست قبوڵ نەکەن و رقیان لە ناوبژیوانی بێدەسەڵات و بێپشت و پەنا بڕێژن.

دەمەوێت بە بەرپرسانی یانەی هەولێر بڵێم، ئەگەر ستەمیشتان لێکرا، ئەگەر ناوبژیوان بڕیارێکی هەڵەیش لەدژی تیپەکەتان دا، ئێوە دەبێت بە قبوڵکردنی دەرئەنجامەکان گەورەیی خۆتان گەورەتر بکەن، نەک رێگە بدەن چەند کەسێک وێنەی جوانی هاندەرانی هەولێر ناشیرین بکەن و ئینجا خۆشتان بێنە سەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن و بەرگری لەو هەڵوێستە هەڵەیە بکەن.

ئەگەر باس بێتە سەر هاندەران، من لە هەموو ژیانی خۆمدا هاندەرێکی سەرسەختی یانەی هەولێر و بارسێلۆنا بوومە، هۆکارێکی سەرەکی بوونم بە هاندەری ئەو دوو یانەیە هاندەرانیانە، چونکە قەت ئەو رۆژانە لەبیرناکەم کە لە سەردەمی رژێمی بەعس منداڵ بووم، بەشێک لەو پارەیەی باوکم بۆ خەرجی رۆژانە پێیدەدام پاشەکەوتم دەکرد، بۆ ئەوەی رۆژانی پێنجشەممە یان هەینی لە دەرەوەی شارەوە بچمە یاریگەی هەولێر، بۆ بینینی یارییەکانی لەگەڵ یانەکانی بەغدا و عێراق لە خولی عێراقدا. 

ئەوکات ئەوندەی چێژم لە هاوار و دروشمە پڕ حەماسییەکانی هاندەرانی هەولێر وەردەگرت، نیو ئەوەندە تامم لە دیمەنەکانی یارییەکە وەرنەدەگرت، تەنانەت لەو بارودۆخە مەترسیدارەدا، کە رژێمی سەدام و بەعس لە لووتکەی بەهێزی و جەبەروتدا بوون، هاندەرانی هەولێر بە گوتنەوەی دروشمی سیاسی و کوردانە پەیژەکانی یاریگەیان دەهێنایە لەرزە، تا ئەو راددەیەی جارێکیان عودەی کوڕی دیکتاتۆر بە شاندێکی یانەی هەولێری گوتبوو "دەزانم هاندەرانی هەولێر موخەڕیبن، بەڵام هەر خۆشم دەوێن". 

مەبەستی دوژمنە سەرسەختەکەی کورد، لەو جۆش و خرۆشەبوو کە هەمیشە هاندەرانی یانەی هەولێر بە یارییەکانی یانەکەیان دەدا، بۆیە دەبێت هاندەرانی هەولێر پارێزگاری لەو رابردوو و لەو مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەیان بکەن، کە بێگومان جەماوەری هەولێر ئێستاش هەروایە و تەنیا چەند کەسێکن کە دەبنە هۆکاری ئەو دۆخە ناشیرینە، کە پێموایە ئەوانیش هەر لە پەرۆشی و دڵسۆزی خۆیانە کە کۆنترۆلی خۆیان لەدەستدەدەن، بەڵام ئەوە پاساو نییە.

مەبەستی من لێرە ئەوە نییە وانیشان بدەم، کە لەو بارەیەوە یانەی هەولێر لە هەموو یانەکانی دیکەی کوردستان کەمتەرخەمترە، نەخێر لەوانەیە لە زۆریان باشتربێت، بەڵام لەبەرئەوەی پێشەنگ و گەورەترینە، پەیامەکەم بۆ ئەو ناردووە، ئەگەرنا قسەکانم بۆ هەموو یانەکانی کوردستان و جەماوەرەکەیانە.

هەموومان دەبێت ئەوە بزانین، کە لە دواخولەکەکانی یاری کۆتایی مۆندیالدا لێدانێکی سزای ناهەق و نادروست لەدژی مارادۆنای مەزن هەژمارکراوە، مارادۆنای لە جامی جیهان بێبەشکردووە، دەریایەک فرمێسکی پێڕشتووە، کەچی قبووڵیکردووە و کۆتایی دونیاش نەبووە.