تۆتێنهام به‌ متمانه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ میوانداری بۆرووسیا دۆرتمۆند ده‌كات

13-02-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو ـ هه‌ولێر

ئه‌مشه‌و كاژێر 23:00 به‌ كاتی باشووری كوردستان، له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگدا، یارییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی تۆتێنهامی ئینگلیزی و بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام ده‌درێت.



لۆسیان فاڤرێ، راهێنه‌ری یانه‌ی بۆرووسیا دۆرتمۆند، له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی خۆیدا بۆ یارییه‌كه‌، باسی كاریگه‌ری پێكانه‌كان به‌سه‌ر پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی كرد و گوتی "وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتریش باسم كردووه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ زۆر پێویستیمان به‌و یاریزانانه‌ هه‌بوو كه‌ تووشی پێكان بوونه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیش یاری بكه‌ین، ئه‌ركمان  به‌رامبه‌ر تۆتێنهام هه‌ر زه‌حمه‌ت ده‌بێت". 

ئه‌و راهێنه‌ره‌ ئاماژه‌ی بۆ به‌هێزیی یانه‌ی ركابه‌ریان كردو گوتی "تۆتێنهام له‌ پرێمه‌رلیگدا ته‌نیا دوو خاڵ له‌دواوه‌ی لیڤه‌رپووله‌، ئه‌مه‌ش زۆرمان پێده‌ڵێت له‌باره‌ی هێزی تۆتێنهامه‌وه‌".



ماوریسیۆ بۆچیتینۆ، راهێنه‌ری تۆتێنهامیش له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌یدا، رێزی خۆی بۆ یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ نیشاندا، به‌ڵام بڕوای به‌ خۆی و یاریزانه‌كانیشی هه‌بوو بۆ بردنه‌وه‌ له‌ بۆرووسیا دۆرتمۆند و گوتی " له‌گه‌ڵ رێزمدا، ئێمه‌ ده‌توانین له‌ بۆرووسیا دۆرتمۆند ببه‌ینه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێكانمان هه‌یه‌. ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌یه‌، پاڵنه‌ریشمان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ قۆناخی شانزده‌ی چامپپۆنزلیگین، هه‌مووان ده‌یانه‌وێ یاری بكه‌ن، هه‌مووان به‌ په‌رۆشن، ئێمه‌ بیر له‌وه‌ی ساڵی رابردوو روویدا ناكه‌ینه‌وه‌".

ئه‌و راهێنه‌ره‌ هه‌روه‌ها گوتی "من بڕوام به‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌زموون رۆڵی خۆی ده‌بینێت له‌ قۆناخی 16دا، گرنگ ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ی، ئه‌گه‌ر توانیمان ئاستێكی به‌رزتر له‌ بۆرووسیا دۆرتمۆند پێشكه‌ش بكه‌ین لێیده‌به‌ینه‌وه‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە