ڤیدیۆ؛ راهێنەری ژاپۆن وەڵامی رووداو دەداتەوە

13-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هاجیمی موریاسۆ
هاجیمی موریاسۆ
نیشانەکردن هاجیمی موریاسۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ژاپۆن خۆی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا ئامادەدەکات و راهێنەری هەڵبژاردەکەش وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو چووەتە مەشقەکانی هەڵبژاردەی ژاپۆن، یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە دوای زنجیرەیەک بردنەوەی لەسەریەک لە یارییە دۆستانە و فەرمییەکاندا، خۆی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی ئامادەدەکات کە سبەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام یاریی دەکات.
 
لە ریزەکانی ژاپۆن، کارۆ میتۆما، ئەستێرەی یانەی برایتۆن بۆ یارییەکە ئامادەنییە و بەتەنیا مەشق و راهێنان ئەنجامدەدات، بەڵام یاریزانەکانی دیکە ئامادەن و دەیەوێت بەبردنەوەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی کارۆ میتۆما، تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە هاجیمی موریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆن کرد کە کەی ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە، یان دەتوانێت لە یاریی دووەم بەرامبەر عێراق یاریی بکات؟
 
راهێنەری ژاپۆن لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداودا گوتی "ئەوەی کە من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئەو لە یارییەکەی بەیانی یاری ناکات، بەڵام دوای یارییەکەی بەیانی ئێمە دەبێت بڕیار لەسەر دۆخی ئەو بدەین و بزانین ئەو دەتوانێت لە یارییەکەی بەرامبەر عێراق یاری بکات یان نا."
 
ژاپۆن خاوەنی چوار نازناوی جامی ئاسیایە و چاوی لە بردنەوەی پێنجەم نازناوە، بۆ پاڵەوانێتیی ئەمساڵ بەربژێری یەکەمە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە.
 
ژاپۆن شەش یاریی بەرامبەر ڤێتنام ئەنجامداوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و پێنج یارییەکەی دیکەی بردووەتەوە، لە دوایین 10 یاریی رابردوویدا هەڵبژاردەکە هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و 45 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 6 گۆڵی لێکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە