سوپرایز.. زاخۆ و 4 یانەی گەورەی عێراق داوای شێرکۆ کەریم دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج یانەی گەورەی عێراق، رکابەری لەسەر گواستنەوەی شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێر دەکەن، تۆڕی میدیایی رووداویش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێنج یانەی گەورە رکابەری لەسەر گواستنەوەی شێرکۆ کەریم دەکەن، ئەو یانانەش قوە جەوییە، شورتە، زاخۆ، تەڵەبە و نەجەفن، بەڵام یاریزانەکە هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە، کە لە یانەی هەولێر دەڕوات یان.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هەموو ئەو یانانە داوای گواستنەوەی ئەستێرە کوردەکەیان کردووە و ئامادەن پارەیەکی زۆری پێبدەن، بۆ ئەوەی لە نیوەی دووەمی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق شێرکۆ کەریم یارییان بۆ بکات، بەڵام یاریزانەکە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ یانەیەک ناکات، لەبەرئەوەی هێشتا بڕیاری نەداوە لە یانەی هەولێر دەڕوات یان نا.
 
رووداو زانیوویەتی شێرکۆ کەریم نایەوێت بە ئاسانی لە یانەی هەولێر بڕوات و بۆیەش بڕیاری نەداوە وەڵامی داواکاریی هیچ یەکێک لەو یانانە بداتەوە.
 
پێشتر وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، هیچ یانەیەک بەفەرمی داوای گواستنەوەی شێرکۆ کەریمی لە یانەکەمان نەکردووە و نامانەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببین.
 
شێرکۆ کەریم پێشتر بۆ رووداو قسەیکردبوو و رایگەیاند، یانەی هەولێر بە ماڵی خۆی دەزانێت و هەموو توانایەکی بۆ راستکردنەوەی دۆخی یانەکە دەخاتەڕوو و دەیەوێت هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ رزگاربوون لەو دۆخەی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تێیکەوتووە.
 
یانەی هەولێر لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، تاوەکو ئێستا دوای ئەنجامدانی 12 یاری یانەکە تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە و لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 12 خاڵە.