ڤیدیۆ؛ ئەستێرەکانی قەتەر و لوبنان قسە بۆ رووداو دەکەن

13-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی ئاسیا ئەستێرەکانی قەتەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەکانی هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و لوبنان، دوای ئەنجامدانی یەکەم یارییان لە جامی ئاسیادا، کە بەبردنەوەی قەتەر بە 3-0 کۆتاییهات، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن.
 
حەسەن هەیدۆس، کاپتنی هەڵبژاردەی قەتەرە، لە ماوەی دوو رۆژدا دوو جار قسەی بۆ رووداو کرد و لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر لوبنان دەڵێت "بیرکردنەوەمان لەسەر قۆناخی کۆمەڵەکانە، کاروانەکەمان درێژە و دەمانەوێت لە یاریی داهاتوودا ئاستێکی باشتر پێشکێشبکەین."
 
یەحیا هیندی، یاریزانی هەڵبژاردەی لوبنان دوای یارییەکە بە رووداوی گوت "یەکەم شت سوپاس بۆ خوا، ئەمە تۆپی پێیە، دۆڕان و سەرکەوتنی تێدایە. لە یارییەکەدا ئێمە سەرکەوتوو نەبووین، بەڵام ئێمە بیر لە یاری داهاتوو دەکەینەوە پشتیوان بەخوا. بەڵێن بە هاندەرانی لوبنانی دەدەین کە ئەوەی لە تواناماندایە پێشکێشی دەکەین. لە یارییەکانی داهاتوودا بیر لە بردنەوە دەکەینەوە. ئێوە دەزانن کە لە یەکەم یارییدا هەمیشە گوشارەکان زۆرن، بەڵام پشتیوان بەخوا بایەخ بە یارییەکانی داهاتوومان دەدەین."
 
ماهر سەبری، یاریزانێکی دیکەی لوبنانە و لەبارەی یارییەکەوە بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی " سەرەتا هەندێک زەحمەت بوو، ئاستێکی باشمان پێشکێش کرد، ئەنجامەکە رەنگدانەوەی ئەو ئاستە نەبوو کە پێشکێشمان کرد، دەمانتوانی بە ئەنجامێکی باشتر دەربچین، بەڵام تۆ بەرامبەر قەتەر یاری دەکەی و لەسەر خاکی خۆی، بەچاوپۆشین لەم یارییە، ئێمە دەتوانین شتێک بکەین. دوو یاریمان ماوە هەردووکیان بۆ ئێمە یاریی کۆتایین، دەتوانین ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین و سەرکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو."
 
محەممەد ئیسماعیل، یاریزانی هەڵبژاردەی قەتەر لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت "سەرەتا بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، هەزارجار پیرۆزە، چونکە پێمانوایە سێ خاڵەکە هەرگیز ئاسان نەبوون، سەبارەت بە پرسیارەکەتان، بێگومان ئێمە بە ئامانجەوە هاتووینەتە ئەم پاڵەوانێتییە، ئامانجمان ئەوەیە هەنگاو بە هەنگاو بڕۆینە پێشەوە. پێموایە ئەم یارییە هەناگاوی یەکەم بوو، و زۆر بەباشی هاوێشتمان و پشتیوان بەخوا لە تواناماندایە هەنگاوەکانی دهاتووش بهاوێژین."
 
 
سەعد شیب، یەکێک لە دیارترین گۆڵپارێزەکانی کیشوەری ئاسیایە، هەرچەند لە یاریی یەکەمدا یاریی نەکرد، بەڵام دوای یارییەکەیان بەرامبەر لوبنان بۆ رووداو قسەیکرد و دەڵێت "مۆندیال بارودۆخێکی تایبەتی هەیە و ئەم پاڵەوانێتییەش باردۆخێکی دیکەیە  و جیاوازن، پشتیوان بەخوا ئێمە رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەین. یاری بە یاری ئەنجامی دەدەین و پشت بەخوا، خوای گەورە خێرمان بۆ دێنێت."
 
 
پێدرۆ میگێل، بەرگریکاری هەڵبژاردەی قەتەر لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەکە و یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بۆ رووداو قسەیکرد.
 
میگێل دەڵێت "ئەو پاڵەوانێتییە جیاوازە، بەڵام ئێمە یارییەکی باشمان کرد و هەموو تیمەکەش زۆر باش بوون، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاتن بۆ پاڵپشتیکردنمان؛ ئێمە زۆر باش بووین و 3 خاڵی یارییەکەمان بەدەستهێنا، کە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو. ئێمە پێویستە بەردەوام بین کە کارکردن و تێبکۆشین بۆ ئەوەی لە یاریی داهاتوودا 3 خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنین. ئەوەی لە رابردوو روویدا، کۆتاییهات و دەبێت تیشکمان بخەینە سەر ئەو پاڵەوانێتییە. ئێمە شانازی دەکەین بەوەی تاوەکو ئێستا ئەنجاممان داوە، ئەوە تۆپی پێیە و  دەبێت کار بکەین و خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین بۆ ئەوەی نازناوەکە بەدەستبهێنین."
 
پێدرۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەوە بۆ من شوێنێکی نوێ نییە و پێشتر لەو شوێنە یاریم کردووە، هەروەها لە تیپی نیشتیمانیش ساڵی رابردوو یاریم کردووە، بەڵام من زۆر دڵخۆشم بەو شوێنە و لەوێ هەست بە ئاسوودەیی دەکەم و دەتوانم لە هەر شوێنێک بێت یاری بکەم بۆ ئەوەی یارمەتی تیپەکەم بدەم."
 
حەسەن هەیدۆس، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی قەتەر بۆ جاری دووەم لە ماوەی دوو رۆژدا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "نامەوێ دوور بڕۆم و پێتانبڵێم دەتوانین رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەین، ئێستا بیرکردنەوەمان لەسەر ئەوەیە کە چۆن لەم کۆمەڵەیەدا سەرکەوین. سوپاس بۆ خوای گەورە یەکەم سێ خاڵمان بەدەستهێنا و کاروانمان بەرەو نازناوەکە هێشتا دوورە، ئێمە پاڵەونێییەکە یاری بە یاری و قۆناخ بە قۆناخ وەردەگرین. پشتیوان بەخوا لە یاریی داهاتوودا ئاستێکی باشتر لەم یارییە پێشکێش دەکەین و سێ خاڵی یارییەکە بەدەستدەهێنین."
 
قەتەر یەکەم یاریی جامی ئاسیای بە سی گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، یەکەم هەنگاوی بۆ پاراستنی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بە سەرکەوتوویی هاوێشت و لە دووەم یارییدا بەرامبەر تاجیکستان یاریی دەکات و لوبنانیش رووبەڕووی چین دەبێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە