ئاتلێتکۆ و بیلباو رکابەری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای سەرکەوتنی ریال مەدرید بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، کە 3-2 لە بارسێلۆنای بردەوە، ئەمشەو ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیکۆ بیلباویش لەنێوان خۆیاندا بلیتی دووەمی یاریی کۆتایی یەکلایی دەکەنەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بیلباو لەسەر یاریگەی شا فەهەد لە ریازی پایتەختی سعودیە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوەی یارییەکە لەگەڵ ریال مەدرید یاریی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە ئەنجام دەدات.
 
یارییەکی بەهێز دەبێت لە نێوان دوو یانە، کە هەردووکیان خوازیارن یەکەم نازناوی ئەمساڵ ببەنەوە، بەتایبەتی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە بەمدواییە ئاست و ئەنجامەکانی لە لالیگادا پاشەکشەیان بەخۆیانەوە بینیوە، بۆیە کوڕانی دیێگۆ سیمیۆنی هەوڵدەدەن بە بردنەوەی ئەم یارییە و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، سەرەتایەکی نوێ دەسپێبکەنەوە و بە رۆحێکی باشترەوە دەست بە لالیگا و چامپیۆنزلیگ بکەنەوە.
 
پاڵەوانێتی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەم وەرزەدا بە بەشداری 4 یانە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، کە ئەمە سێیەمجارە ئەم پاڵەوانێتییە بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید وەک پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگا بەشداری لەم پاڵەوانێییەدا کردووە، ریال مەدرید وەک دووەمی لالیگا، بارسێلۆنا وەک پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا لە وەرزی رابردوو بەشداری کردووە، ئاتلێتیک بیلباویش وەک دووەمی جامی شا بەشدارە.