سەیرترین یاریی مێژووی جامی ئەفریقا هەرا دەنێتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکێك لە سەیرترین یارییەکانی مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەڵبژاردەی مالی شکستی بە هەڵبژاردەی تونس هێنا.
 
لە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە یەکەم رکابەریی کۆمەڵەی شەشەمی جامی ئەفریقا،  تونس و مالی بەیەکگەیشتن بەڵام لەو یارییەدا خراپترین دەرکەوتنی ناوبژیوان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدیکرا، ناوبژیوان دوو لێدانی سزای ھەژماركرد، كارتێكی سووری بەرزكردەوە، تونس 4 گۆڕانكاری و مالی 5 گۆڕانكاریی كرد، بەڵام ناوبژیوان جیانی زیکازۆی زامبی پێش ئەوەی کاتی یاسایی تەواوبێت یارییەکەی تەواوکرد.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا مالی بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمیان لە رێگەی ئیبراهیما کۆنێوە تۆمارکرد، بەڵام لە نیوەی دووەمدا ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ تونس هەژمارکرد، وەهبی خەزری بەفیڕۆیدا.
 

سەرەڕای ھەموو ئەم رووداوانەش ناوبژیوان لە خولەكی 85 فیكەی كۆتایی یارییەكەی لێدا، دوای ناڕەزایەتی تونس جارێكی دیكە یارییەكە بەردەوامی پێدا، بەڵام ئەمجارەش ھەڵەیكرد و لە خولەكی 89:50 یارییەكەی تەواوكرد.
 
دوای یارییەكە ناوبژیوانەكان لەژێر چاودێریی پۆلیسدا، لە یاریگە چوونە دەرەوە و دواتر ناوبژیوان بە هەڵەکەی خۆی زانی داوای لە تونسییەکان کرد کە بێنەوە بۆ تەواوکردنی یارییەکە، بەڵام ئەوان نەگەڕانەوە، هەڵبژاردەی تونس داوای دووبارەكردنەوەی یارییەكە دەكات.
 
لەسەر ئەم رووداوانە، بوشەعیب لەحرەش، ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پێشووی مەغریبی دەڵێت: سیکاوزوی ناوبژیوانی یارییەکەی تونس و مالی هەموو کیشوەری ئەفریقای خستە دۆخێکی زۆر شەرمەزارکەرەوە.
 
زوبێر بیە، ئەستێرەی پێشووی تونسی دەڵێت: ناوبژیوان سووکایەتی بە کیشوەری ئەفریقا کرد، ئەوەی ئەو کردی کارەسات بوو، نازانم چی بەسەر ناوبژیواندا هاتبوو، بەڵام قورسە یارییەکە دووبارە ببێتەوە.
 
لە بەرامبەردا ماڵپەڕی فەرمیی کاف (فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا) دانی بە ئەنجامی یارییەکەدا ناوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای تەواوکردنی یارییەکە دووبارە داوا لە هەردوو تیپ کراوە کە بگەڕێنەوە بۆ یاریکردن و تەواوکردنی ئەو کاتەی کە ماوە، بەڵام تونس نەهاتوونەتەوە.