ئەمیر رەزا بۆ رووداو: پێشبینی دەکەم ئێران بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا


رووداو - هەولێر

ئەمیر رەزا، یاریزانی پیشەگەری ئێرانی یانەی ئارارات دڵخۆشی خۆی بەرامبەر بردنەوەی دووەمی ئێران لە جامی ئاسیادا پێشاندا و گوتی چاوەڕێی بردنەوەی زیاتر لە هەڵبژاردەکە دەکەین.

ئەمیر بەشداریی لە بۆڵتەنێکی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداوی کرد و گوتی، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی زیاتر لە هەڵبژاردەکە دەکەین و چاومان لەوەیە بگەینە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

دەربارەی گرنگی سەرکەوتنی ئێران بە یەکەمی کۆمەڵەکەی رەزا گوتی، زۆر گرنگە هەڵبژاردەکە بە یەکەمی کۆمەڵەکە بگاتە قۆناخی داهاتوو و پێشبینی دەکەم هەڵبژاردەکە بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2019.

هەڵبژاردەی ئێران لە دووەم یاریی جامی ئاسیای 2019، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر ڤێتنام بەدەستهێنا و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ عێراق لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمە و لە یاریی سێیەمیشدا رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پلەی یەکەم.