ریال مەدرید ماوەی دوورکەوتنەوەی ئێمباپێی راگەیاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ماوەی دوورکەوتنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرە فەرەنسییەکەی ئاشکراکرد، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە.
 
لە یاریی ریال مەدرید و ئاتالانتای ئیتاڵی، لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا، کە یانە ئیسپانییەکە 3-2 بردییەوە، کیلیان ئێمباپێ دوای ئەوەی گۆڵی یەکەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، تووشی پێکان بوو، و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانە فەرەنسییەکەی بەهۆی ئەو پێکانەوە راگەیاند و دووپاتیکردەوە "ئێمباپێ 10 رۆژ بەهۆی پێکانەکەیەوە دووردەکەوێتەوە".
 
لەو بڵاوکراوەیەی ریال مەدریددا هاتووە "دوای ئەو پشکنینانەی ئەمڕۆ لەلایەن پزیشکانی ریال مەدریدەوە بۆ کیلیان ئێمباپێی ئەنجام دران، دەرکەوت کە یاریزانکە تووشی پێکان بووە لە رانی  چەپیدا".
 
هەروەها تێیدا هاتووە "کیلیان ئێمباپێ بەئەگەری زۆرەوە 10 رۆژ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە و پێویستی بەو ماوەیە هەیە بۆ گەڕانەوە دەستکردنەوە بە یاریکردن".
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە کیلیان ئێمباپێ بەشداری لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ ناکات، بەڵام 100٪ دیارنییە ئایا دەتوانێت بەشداری لە یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکاندا بکات یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە