دوای یاریی دۆرتموند لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا شەڕ روویداوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای سەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر دۆرتمۆند، پێدری لەناو ژووری جلگۆڕیندا لەگەڵ هاوڕێیەکی تووشی شەڕێکی زارەکی تووند بووە!
 
سەرەڕای خۆشیی بردنەوە، پێدری تووڕە بوو لە ئاستی هاوڕێیەکی، و نەیتوانیوە لە ژووری جلگۆریندا ئەوە بیشارێتەوە کە پێیوایە ئەو هاوڕێیەیان بووەتە بارگرانی لەسەر تیپەکە و گوتوویەتی "چیدی بەرگەی هەڵە دووبارەبووەکانی ناگرین.. هاوسەنگی تیپەکەی تێکداوە!".
 
پێدری دوای یارییەکەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ ئەلیخاندرۆ باڵدێی هاوڕێی تووشی دەمەقاڵێ بووە! کە هانزی فلیکی راهێنەری بەردەوام بوو لە بردنەوە بەردەوامەکانی لە بۆرووسیا دۆرتموند و یانە کەتەلۆنییەکە بووە خاوەنی 15 خاڵ، کە بەئەگەری زۆرەوە یەکێک لەو 8 بلیتە بەدەستدێنێت، کە راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، پێدری سەرەڕای بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی زەحمەت و گرنگ، لە باڵدێ تووڕە بووە بەهۆی ئەوەی کە پێیوابووە ئاستێکی خراپی پێشکەش کردووە و تەنانەت لەگەڵیدا تووشی شەڕ و ئاژاوەی زارەکی بووە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدری ناڕەحەتە لە باڵدێی هاونیشتیمانیی خۆی، کە  لە یارییەکەی دۆرتموند ئاستێکی زۆر خراپی نیشانداوە و پێی راگەیاندووە کە رۆڵی خۆی ئەنجام نادات، جا چ لە رووی بەرگرییەوە بێت یان هێرشبەری.
 
پێدری پێیوایە باڵدێ، بەهۆی نەبوونی جێگرەوەی لێهاتوو بۆی، دەستیکردووە بە یاریکردن بەشێوەیەکی رۆتینی و بێباکانە و هیچ هەوڵێک نادات بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت، ئەمەش وایکردووە یاریزانەکە وەڵامی پێدری بداتەوە، ئیدی ناکۆکییەکە تەشەنەی کردووە بۆ دەمەقاڵێیەکی تووند، بەڵام هاوڕێکانیان و هانزی فلیکی راهێنەر دەستوەردانیان کردووە و ئەو دووانەیان لێک دوورخستووەتەوە.