سعودیە خۆی بۆ مۆندیالێکی مێژوویی ئامادەدەکات

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سعودیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـی دایە سعودیە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پیرۆزبایی لە شای سعودیە دەکات.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەی گشتی فیفادا، جیانی ئینفانتینۆ، ناوی سعودیەی وەکو وڵاتی میواندار بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2034 راگەیاند و بڕیارەکە کاردانەوەی زۆر گەورەی دروستکرد و سعودیە هەر زوو بەڵێنی بەڕێوەبردنی مۆندیالێکی ناوازەی بە هەموو لایەک دا.

دوای راگەیاندنی ناوی سعودیە وەکو وڵاتی میوانداری مۆندیالی 2034، هەر زوو محەممەد بن سەلمان، شازدەی جێنشینی سعودیە، بڕیارییدا بە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی کارگێڕی باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامادەکارییەکانی مۆندیالەکە و لە ئەنجوومەنەکەدا هەریەکە لە میر عەبدولعەزیز بن تورکی بن فەیسەڵ، وەزیری وەرزش، میر عەبدولعەزیز بن سعود بن نایف، وەزیری ناوخۆ، میر بەدر بن عەبدوڵڵا بن فەرحان، وەزیری رۆشبیری، محەممەد ئەلشەیخ، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری ئەندامی ئەنجوومەکەن.

بەبۆنەی بردنەوەی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034، دەیان بەرپرس و کەسایەتی لەسەر ئاستی جیهان پیرۆزباییان لە شای سعودیە و شازدەی جێنشین کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی بردنەوەی میوانداریی جامی جیهانیی تۆپی پێ بۆ ساڵی 2024 لە شای سعودیە، شازادەی جێنشین و گەلەکەیان دەکات و دەڵێت، "پێگەی بەرزی شانشینی سعودیە دەردەخات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی سعودیە و سەرکردایەتی و گەلی شانشینەکە کرد.
 
لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: "بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە مەزنە پێگەی بەرزی شانشینی سعودیە دەردەخات." 

سعودیە رۆژی 4-10-2023 ویستی خۆی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 پێشاندا، 9 هەمان مانگ و ساڵ فیدراسیۆنەکە بەفەرمی داواکاریی بۆ بەڕێوەبردنی مۆندیال پێشکێشکرد، لە رۆژی 31-10-2023 سعودیە وەکو تاکە بەربژێر بۆ بردنەوەی مافی میوانداریکردنی مۆندیالەکە مایەوە و رۆژی 27-7-2024 بەفەرمی دۆسێیەکەی پێشکێشکرد.

رۆژی 11-12-2024 بۆ تۆپی پێی سعودیە و وڵاتانی عەرەبی، رۆژێکی مێژوویی و گەورەیە و ئەو وڵاتە لە کۆنگرەی گشتی فیفادا وەکو وڵاتی میواندار بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2034 راسپێردرا.

سعودیە بۆ بەڕێوەبردنی مۆندیالێکی سەرکەوتوو چەند یاریگەیەکی نوێ و سەرنجڕاکێش دروستدەکات، هەر زوو بڕیارییدا یاریی کردنەوە و کۆتایی مۆندیال لە یاریگەی شا سەلمان بەڕێوەبچێت کە یاریگەکە هێشتا دروستنەکراوە و تەنیا دیزاینەکەی ئاشکراکراوە و بڕیارە کۆتایی ساڵی 2029 تەواوببێت و یاریگەکە شوێنی 92 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.

یارییەکانی مۆندیالی 2034 بەبەشداریی 48 هەڵبژاردە بڕیارە لە 5 شاری جیاوازی سعودیە بکرێن، کە هەریەکە لە ریاز، جەدە، خوبر، نیۆم و ئەبها میوانداریی یارییەکان دەکەن و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هاوشێوەی قەتەر، یارییەکانی ئەم مۆندیالەش لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە