ڤیدیۆ؛ باڵۆن دۆرەکانی ئەفریقا بەر نایجیرییەکان کەوتن

رووداو دیجیتاڵ

 

لە شاری مەراکش لە مەغریب، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری ئەفریقا بۆ باشترین یاریزانی تۆپی پێ لە 2023 لە کیشوەرکە بەڕێوەچوو.
 
هێرشبەری نایجیری، ڤیکتۆر ئۆسیمێن، خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەری ئەفریقای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سەرکردایەتی یانەی ناپۆلی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی ئیتاڵیا بۆ یەکەمجار دوای تێپەڕبوونی سی و سێ ساڵ، کە ئەوکات یانەکە بە سەرکردایەتی دیێگۆ مارادۆنا نازناوی خولی نایابی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.
 
یاریزانە نایجیرییەکە لە سی و دوو یارییدا بیست و شەش گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، هەروەها ئەو گۆڵە گرنگەی تۆمارکرد کە یارمەتی ناپۆلی دا لە مانگی ئایاری رابردوودا نازناوی خولەکە بەدەستبهێنێت.
 
ئۆسێمین توانی رکابەرییە بەهێزەکە لە هەردوو ئەستێرەی ئەفریقی، محەممەد سەڵاحی یاریزانی هەڵبژاردەی میسر و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، و ئەشرەف حەکیمی، یاریزانی مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرنسی بباتەوە. 
 
ئۆسێمین یەکەم نایجیرییە خەڵاتەکەی دەباتەوە لە دوای نوانکو کانو کە لە ساڵی 1999 بەدەستیهێناوە.
 
نایجیرییەکان پاڵەوانی رێوڕەسمەکە بوون و ئاسێسان ئۆشوالای خانمە یاریزانی نایجیرییش، کە یاری بۆ بارسێلۆنا دەکات، باڵۆن دۆری خانمانی بردەوە.
 
مەغریبییەکانیش ئامادەییەکی باشیان لە رێوڕەسمەکەدا هەبوو، کاتێک هەڵبژاردەی پیاوانی مەغریب خەڵاتی باشترین هەڵبژاردەی کیشوەری رەشی بەدەستهێنا دوای ئەوەی بوو بە یەکەم هەڵبژاردە لە مێژووی کیشوەرەکەدا بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
هەروەها راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب، وەلید رەگراگی، خەڵاتی باشترین راهێنەری کیشوەری ئەفریقای بەدەستهێنا، هەروەها گۆڵپارێزی مەغریبی، یاسین بۆنۆ، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی کیشوەری ئەفریقای بەدەستهێنا.