ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ مۆندیال دەستپێدەکات و خاوەنی 5 نازناو یاریی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان دەستپێدەکات، کە یارییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن.
 
لە یاریگەی شا عەبدوڵڵای وەرزشی لە جەددە، یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکان لەنێوان هەردوو یانەی ئیتیحادی سعودی و ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی بەڕێوەدەچێت و یارییەکە کاژێر 21:00 دەکرێت.
 
ئیتیحاد پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودیە و وەکو میوانداری پاڵەوانێتییەکە لە رکابەرییەکەدا بەشدارە، ئۆکلاند سیتی پاڵەوانی ئوقیانۆسە و بەشداریی لە رکابەرییەکەدا کردووە.
 
ئەمە یەکەمجارە سعودییە میوانداریی مۆندیالی یانەکان دەکات، 7 یانە لە جەددە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە دیارترینیان مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگە.
 
یانەی ئیتیحاد رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، کەریم بنزیما و رۆمارینیۆ لە پێکان گەڕاونەتەوە و لە پێکهاتەی مارسێلۆ گایاردۆدا دەبن بۆ یاریی یەکەمی مۆندیال، بەڵا، لویز فلیپی، بەرگریکاری بەرازیلی بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
کەریم بنزیما بەر لە یاریی یەکەمی مۆندیال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لە تۆپی پێی ئەمڕۆدا یاریی لە یاریگەدا دەکرێت نەک لەسەر کاخەز، هیج ناوێک نییە و لە کۆتاییدا 11 یاریزان بەرامبەر 11 یاریزان یاریی دەکەن، ئێمە ئامانجی زۆرمان هەیە و توانایەکی باشمان هەیە، خاوەنی یاریزانی زۆرباشین و بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت ببەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێزی هەمووان دەگرین و پێویستە لە رووی هزرییەوە ئامادەبین."
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکەی ئیتیحاد زیاتر دەڵێت "کە ئامادەبوونت خستە مێشکی خۆت و جەستەتەوە و ئامادەبوویت ئەو کاتە دەتوانیت بیر لە تیپەکانی دیکە بکەیتەوە."
 
کەریم بنزیما ساڵی 2022 خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا، 5 جار لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی مۆندیالی یانەکانی بردووەتەوە و لە یاریی کۆتایی ساڵەکانی 2016 و 2022 گۆڵی تۆمارکردووە.