سوپرایزێکی گەورە لەبارەی مێسی و رۆناڵدۆوە راگەیێنرا

12-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لیۆنێل میسی وەرزی ریاز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی سوپرایزێکی سەرنجڕاکێشی بۆ هاندەرانی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ راگەیاند و بەشداری لە وەرزی ریازدا دەکات.
 
ئینتەرمەیامی بەشێوەیەکی فەرمی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی وەرزی ریاز راگەیاند، کە تێیدا بەرامبەر هەردوو یانەی هیلال و نەسڕی سعودی یاریی دەکات، کە ئەنجامدانی ئەو دوو یارییە لە چوارچێوەی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی دۆستانەدا دەبن.
 
یانە ئەمریکییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی نووسیوویەتی "ئەمە هەلێکی دیکەی گەورەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هەمیشەیی لەنێوان هەوادارنمان و ئەوانەی بەپەرۆشن بۆ یانەکە."
 
خاڤیێر ئاسینسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار لە یانەی ئینتەرمەیامی دەڵێت "بەپەرۆشین بۆ ئەوەی هاندەرە نوێیەکانمان لە سعودیە ببینین، هەروەها هیوادارین خەڵک لە هەموو جیهان ببینین کە دێن بۆ بینینی دوو یاریی لەمشێوەیە."
 
خاڤیێر زیاتر دەڵێت "رێکخستنی ئەم یارییانە بۆ هەردوو یانەکان گرنگە، یانەکە بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە وەرزی نوێ سوودی لێ دەبینن."
 
بەپێی ئەو راگەیێنراوەی ئینتەرمەیامی بڵاویکردووەتەوە، رۆژی 29-1-2024 کاژێر 21:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئینتەرمەیامی لە یەکەم یارییدا بەرامبەر یانەی هیلال یاریی دەکات.
 
دوای ئەوە رۆژی 1-2-2024 هەمان کات واتە کاژێر 21:00 هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی و نەسڕ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، کە ئەم یارییە چاوەڕوانییەکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێدەکرێت، بەهۆی ئەوەی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە دوو گەورەترین ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانن جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
پێشتر لیۆ و کریس 35 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، مێسی 16 یاریی بردووەتەوە و رۆناڵدۆ خاوەنی 10 بردنەوە، 9 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، مێسی لەو یارییانەدا 21 گۆڵ و 12 ئاسیستی هەبووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ 20 گۆڵی کردووە و 1 ئاسیستی هەبووە.





 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە