رۆناڵدۆی دیاردە: هەواڵی بەرازیل و گواردیۆلا راستییە

12-12-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆناڵدۆ، دیاردەی بەرازیلی ئاشکرایکرد کە یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی لەگەڵ پێپ گواردیۆلا دانوستانی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سامبا، پێش ئەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی نوێ بکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل دوای دەرچوونی لە مۆندیال، کە لە قۆناخی هەشت بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە کرواتیا دۆڕا، پلانی بۆ داهاتوو داناوە دوای ئەوەی تیتێ پۆستی راهێنەرایەتی جێهشت.
 
رۆناڵدۆی دیاردە دووپاتیکردەوە کە یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلی گفتوگۆی لەگەڵ گواردیۆلا ئەنجامداوە، پێش ئەوەی لەگەڵ سیتی نوێبکاتەوە تاوەکو هاوینی ساڵی 2025.
 
ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید لە کەناڵەکەی لە یوتیوب، رایگەیاند "گرنگیدان بە گواردیۆلا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلەوە هەبوو، ئەو پرسە لەگەڵ نوێنەرانی گفتوگۆی لەسەرکرا، بەڵام پێپ پێی باشتربوو گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی درێژبکاتەوە".
 
رۆناڵدۆ دالیما، ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ گواردیۆلا بۆ یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل قورس بووبێت، چونکە پێپ خاوەنی زۆرترین مووچەیە لەنێو هەموو راهێنەرانی جیهان.
 
رۆناڵدۆ پێیوایە ئێستا زۆر گرنگە یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل چاوەکانی بخاتە سەر "گواردیۆلای بەرازیلی"، کە مەبەستی فێرناندۆ دینیز راهێنەری یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلی.
 
لە درێژەی قسەکانیدا دیاردە گوتی "لەوانەیە دینیز راهێنەرێکی سەرنجڕاکێش بێت بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەو پیاوە بە شێوازێکی باش یاریدەکات دەکات و نمایشێکی جوان دەخاتەڕوو".
 
لە کۆتایی قسەکانی، رۆناڵدۆ گوتی "دیاریکردنی راهێنەر بڕیارێکی زۆر گرنگە بۆ  داهاتووی بەرازیل، تاوەکو زووتر راهێنەرە نوێیەکە ئاشکرابکرێت باشترە، بۆ ئەوەی یاریزانان دەست بکەن بە کارکردن بە فەلسەفەی راهێنەرەکە، باشتر دەبێت، پێموایە ناوە گەورەکان دێن بۆ ئێرە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە