دێربیی مەدرید.. یارییەک بۆ یەکلاکردنەوەی ناسنامەی پاڵەوان؟

 
رووداو دیجیتاڵ

هەمووان بە یاریی یەکلاکەرەوە بۆ دیارییکردنی ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا سەیری دەکەن، ئەمە ئەو یارییە کە هەردوو یانە هاوشارییەکەی مەدریدی پایتەخت تێیدا کۆدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی گرنگترین سێ خاڵ دەکەن.
 
کاژێر 23:00 لە یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ، لە دێربیی مەدریددا ئاتلێتیکۆ مەدرید میوانداریی ریال مەدرید دەکات، رۆخی بلانکۆس سەرەڕای ئەوەی لە 2016ـەوە لە 10 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لالیگای لە لۆس بلانکۆس نەبردووەتەوە، دەیەوێت سنوورێک بۆ تیپەکەی ئەنچێلۆتی و سەرکێشییەکانی ڤینیسیۆس جونیۆر دابنێت و رێگەنەدات وا بە ئاسانی لالیگای ئەم وەرزە لە کۆتایی و یەکلابوونەوەی نازناو نزیکببێتەوە.
 
دێربیی مەدرید رۆژ لە دوای رۆژ رکابەرییەکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بەهێزتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە باڵادەستە یارییەکە سەنگ و گرنگی خۆی لەدەستنەداوە.
 
ئەوەی بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی و ریال مەدرید کێشە دروستدەکات، نا روونیی چارەنووسی کەریم بنزیمایە بۆ یارییەکە لەکاتێکدا ئەو بەهۆی پێکانەوە لە یاریی رابردووی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا یاریی نەکرد و بەشێوەیەکی زۆرباشیش راهێنانی نەکردووە، ئەمەش کارلۆ ناچار دەکات پشت بە یۆڤیچ ببەستێت.
 
بەڵام خۆ ئەگەر بنزیما ئامدەشبێت، ئامارەکانی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ بەو شێوەیە باش نین، لە 36 یارییدا 6 گۆڵی کردووە و 4 ئاسیستی هەبووە.
 
بۆ ئاتلێتیکۆ مەدریدیش یاریی نەکردنی پێکانی سوارێز لە یاریی بەرامبەر پۆرتۆ ترسی خستووەتە دڵی هاندەران، بەڵام لویزیتۆ هەر چۆنێک بێت دەیەوێت لەم یارییەدا ئامادەبێت و سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکەی بکات بۆ کردنەوەی گرێیەک کە زیاتر لە پێنج ساڵە ریال مەدرید لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بەستووە و کردنەوەشی وا ئاسان نییە.
 
ئەوەی زیاتر هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ ئەم یارییە هاندەدات و وادەکات گەشبینن بۆ بردنەوەی یارییەکە، ئەوەیە کە ئەنچێلۆتی لە لالیگادا هیچ یارییەکی دێربیی لە یانەکەیان نەبردووەتەوە، بەڵام ئەمانە تەنیا رابردوون و 90 خولەک رکابەری ریال مەدرید زیاتر لە نازناوەکە نزیکدەکاتەوە، یان ئاتلێتیکۆ مەدرید جارێکی دیکە بەبردنەوە شاددەبێتەوە.
 
لە بووڵتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی وەرزش لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە کاژێر 08:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، بە ئینفۆگرافیک زانیارییەکانی تایبەت بە هەردوو یانە پێشاندرا، هەروەها زانیاری لە بارەی ئامارەکانی رووبەرووبوونەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و دیێگۆ سیمۆنی، لەگەڵ ئامارەکانی کەریم بنزیما و لویس سوارێز لەم وەرزەدا پێشاندران.
 
ئینفۆگرافیکی تایبەت بە دێربیی مەدرید

 

 
 
رابەر زیاد هاندەری یانەی ریال مەدریدە و لەبارەی دێربیی مەدرید میوانی رووداو بوو و شرۆڤەی بارودۆخی هەردوو یانە و ئامادەیی تیپەکانیان کرد، بەڵام ئەو پێی وانییە کە ئەم یارییە یەکلاکەرەوە بێت بۆ دەرکەوتنی ناسنامەی پاڵەوانی وەرز لە لالیگادا.