دیێگۆ سیمیۆنی: دێربیی مەدرید یەکلاکەرەوە نییە

رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێیوانییە ئەنجامی ایریی دێربیی مەدرید یەکلاکەرەوە بێت بۆ وەرزی ئەمساڵی لالیگا. دەشڵێت "دوای دێربیی مەدریدیش ململانێی خولی ئیسپانیا هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەکەی مەدرید، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی دێربیی مەدرید لە گەڕی 17ـی لالیگادا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ ئەنجام دەدەن.
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رەتیکردەوە یارییەکە یەکلاکەرەوە بێت و گوتی "وەک هەمیشە پەلە دەکەین لەوەی بڵێین ململانێی خولی ئیسپانیا یەکلاییبووەتەوە، بەڵام لە راستیدا ململانێی خولی ئیسپانیا هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە بەهۆی بوونی چەند یانەیەکی بەهێز لەو خولەدا".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە زیاتر گوتی "پێنج یان شەش یانە لە پلەکانی یەکەمی ریزبەندیدا بە ئاستێکی بەرز یاری دەکەن، ئێمە یاری بە یاری لەگەڵ وەرزەکەماندا مامەڵە دەکەین وەک ئەوەی لەسەری راهاتووین و ئەوە ناگۆڕین".
 
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە بەردەوامی قسەکانیدا روونیکردەوە "بەڕاستی ئێمە یارییەکی زۆر گرنگ دەکەین، بەڵام بە باشی بۆ یارییەکە ئامادەین".
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی لویس سوارێز لەم یارییەدا، کە گەڕی رابردوودا تووشی پێکان بوو، سیمیۆنی گوتی "سوارێز نایەوێت لەم قۆناخەی وەرزدا خۆبەدەستەوە بدات و سوورە لەسەر ئەوەی بەشداری لە یارییەکەدا بکات".
 
دیێگۆ باسی ئەنتوان گریزمانیشی کرد و گوتی "ئەگەر قسە لەسەر گریزمانیش بکەین، ئەو یاریزانێکی جیاوازە لە تەواوی تیپەکەمان، چونکە ئەو بەهرەیەکی گەورەی هەیە، کۆششێکی زۆریش دەکات، لە مەشقەکاندا بێت یان لە یارییەکاندا، زێدەباری ئەوەی کە لە توانایدایە ئەو ئەرکانە پێڕادەسپێرین لە هەر شوێنێکی یاریگەدا جێبەجێیان بکات".