دێربیی مانچێستەر.. ویستی جیاوازی دوو راهێنەر و رکابەری دوو ئەندازیار


رووداو دیجیتاڵ

دێربیی مانچێستەر، هەلێک بۆ سۆڵشایەر و مان یونایتد، بۆ هاتنە دەرەوە لەو بارودۆخە خراپەی دوای کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگدا پێیدا تێدەپەڕن و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ئەو هاندەرانەی، هێشتا لە ماڵەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیانن بۆ نێو یاریگەکان.

ئەمشەو یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، شانۆی خەونەکان، دەبێتە شوێنی نمایشێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی دێربیی مانچێستەر، کاتێک مان یونایتد میوانداریی مان سیتی دەکات، یارییەکە یاریی دوو ئەندازیار و سەرکردەی هەردوو تیپ دەبێت، لە مان یونایتد برونۆ فێرناندێز و لە مان سیتی کیڤن دیبرۆین.

هەردوو یانە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، هێشتا ئەو ئەنجامەیان پێشکێشنەکردووە کە هاندەران دەیانەوێت، هێشتا لەو شوێنەنین کە پێویستە لێی بن، مان یونایتد بە 19 خاڵ حەوتەمە و مان سیتیش بە جیاوازیی خاڵێک لە دوای ئەوانەیە، بۆیە ئەمشەو هەردوو یانە لە بەردەم هەلێکی باشدان بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوە بنێن.

لە ریزەکانی مان یونایتد ئانتۆنی مارسیال لە پێکان گەڕاوەتەوە و بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەیە، کاڤانی راهێنانی کردووە، لوک شاو بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.

لە ریزەکانی ستیزنز، ئێریک گارسیا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، گۆندۆگان بۆ یارییەکە ئامادەیە و بە قسەی گواردیۆلاش ئەگوێرۆ بەشێوەی سەرەکی یاریی ناکات.

دێربیی ئەمشەو بۆ سۆڵشایەر، بە ئەگەری زۆر دوایین دەرفەت و تاقیکردنەوەیە، بۆ دووپاتکردنەوەی متمانەی خۆی لە تیپەکەدا، بۆ رازیکردنی کارگێڕیی رێد دیڤڵز، بەڵام گواردیۆلاش دەستە وەستان ناوەستێت، لەکاتێکدا دوایین دوو دێربیی دۆڕاندووە و نایەوێت تووشی سێیەمیان ببێت، لەنێوان دوو ویستی جیاوازی ئۆلێ و پێپ، ئۆڵدترافۆرد بڕیاری یەکلاییکەرەوەی دەبێت.