دووەم قوربانییە لەم مانگەدا.. یاریزانێکی دیکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی کیتۆ، کە بەشدارە لە خولی تۆپی پێی پلەیەکەکانی ئیکوادۆر، گیانلەدەستدانی یاریزانە لاوەکەی مارکۆ ئەنگولۆی راگەیاند لە ئەنجامی پێکانە سەختەکانی، دوای ئەوەی لە 7ـی مانگی رابردوودا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو.
یانەی کیتۆ و خولی پیشەگەری ئیکوادۆر ماتەمینیان بۆ ئەنگولۆ راگەیاند، کە لە تەمەنی 22 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، دوای ئەوەی کاروانێکی زۆر کورتی لە جیهانی تۆپی پێدا بەسەربرد، کە لەو ماوەیەدا ئەزموونێکی لە خولی پیشەگەری ئەمریکی هەبوو و هەروەها درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتەکەیشی لە چەند بۆنەیەکدا پۆشی بوو.
بەپێی هەواڵە ناوخۆییەکان، رووداوەکە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024 روویداوە، رۆژێک دوای دوایین یاریی کە مارکۆ ئەنگولۆ لە خولی پیشەگەری ئیکوادۆریدا بەشداری کردبوو، کە هەردوو یانەی کیتۆ و ئۆرێنسی کۆکردەوە و ئەنگولۆ و هاوڕێکانی 2-0 براوەبوون.
هەمان سەرچاوە دووپاتیشیکردەوە، دوای ئەو رووداوه که له باشووری کویتۆی پایتەختی ئیکوادۆر روویدا، که ئەنگولۆ بەیاوەری 4 کەسی دیکه لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، چەندین نەشتەرگەری بۆ یاریزانەکە کران و زیاتر لە هەفتەیەک له چاودێری چڕدا ماوەتەوه، پێش ئەوەی ئەمڕۆ گیان لەدەستدانی رابگەیێنرێت.
لەئەنجامی رووداوەکەدا ئەنگولۆ و دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە و دوو سەرنشینی دیکەش بەسەختی برینداربوون.
یانەى کیتۆ کە لە خولى پلەیەکی ئیکوادۆر یاری دەکات، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە، لە کۆچی دوایى یاریزانە خۆشەویستەکەمان مارکۆ ئەنگولۆ ئاگادارتان دەکەینەوە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزان و ئازیزانی دەکەین. کۆچی دوایی ئەو زیانێکی گەورەیە و قەرەبوو ناکرێتەوە، کاریگەرییەکی نەسڕاوە لەسەر دڵمان بەجێدەهێڵێت".
ئەنگولۆ 16 یاری لەگەڵ یانەکەدا ئەنجامداوە، هەروەها پێشتر لە خولی ئەمریکی بەخواستن بۆ سینسیناتی یاری کردووە.
یاریزانەکە بۆ یەکەمجار لە مانگی نۆڤەمبەری 2022 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەرکەوت، کە وەک یاریزانێکی یەدەگ بەشداری لە یاریی دۆستانەی بەرامبەر عێراق کرد و بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، هەروەها سێ یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامداوە.
لە بەرامبەردا یەکێتیی تۆپی پێی ئیکوادۆر ماتەمینی بۆ یاریزانەکە راگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا، گوتی "مارکۆ تەنیا یاریزانێکی باش نەبوو، بەڵکو هاوڕێیەکی باشیش بوو لە تیپەکەیدا. خەمێکی قوڵی لە دڵماندا بەجێهێشت".
ئەم مانگە ئەوە دووەم یاریزانی تۆپی پێیە بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدات، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا یانەی نەسڕی لیبی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هەواڵی کۆچی دوایی یاریزانە لاوەکەی محەممەد ئەلوەفی راگەیاند، کە ئەویش تووشی رووداوێکی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بووبوو، و ژیانی خۆی لەدەستدا.