ئامۆریم شۆڕشێک لە مانچێستەر بەرپا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
روبێن ئامۆریم، راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت بە تاکتیکێکی نوێ و فەلسەفەیەکی مۆدێرنەوە ئەو یانەیە بباتە ئاستێکی بەرزتر.
ئەو راهێنەرەی دووبارە سپۆرتینگ لیسبۆنەی گەڕاندەوە سەر سەکۆی نازناوەکان و وایکرد ئەو یانەیە ببێتە تیپێکی تۆقێنەر بە شێوەیەک، جگە لەوەی پلەی یەکەمی خولی پۆرتوگالی گرتووە لەم وەرزەدا، لیسبۆنە لەسەر ئاستی ئەورووپاش، لە پلەی دووەمی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ دێت بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ، ئەو یانەیە هەفتەی رابردوو بە ئەنجامی 4-1 لە یانەی مانچێستەر سیتی بردەوە، ئێستا هاتووە بۆ لە ئەستۆگرتنی زەبەلاحێکی ئینگلتەرا، کە ساڵانێکە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت.
شێوازی یاریکردنی ئامۆریم
ئامۆریم، مەیلی بەرەو قوتابخانەی سێ دڵی بەرگرییە و بە گشتی پشت بە پلانەکانی یاریکردنی، 3-4-3 و 3-4-2-1 دەبەستێت.
لەم شێوازی یاریکردنەدا، باڵەکانی بەرگری پێویستە داینامیکییەتێکی بەرزیان هەبێت و لە جووڵەی بەردەوامدا بن، چونکە ئەوان لەم شێوازی یاریکردنە گرنگترین بەشی یارییەکەن و ئامۆریم بە تەواوی پشتیان پێ دەبەستێت، ئەوان لە کاتی بەرگری، یارمەتی هێڵی دواوە دەدەن، لە کاتی یاری دروستکردن، ئەوان وەک ناوەڕاستکاری سێیەم و چوارەم کاردەکەن و بەشدارن لەو ئەرکە، لە کاتی هێرشبردنیشدا ئەو یاریزانانە پێویستە شوێنی باڵەکان بگرنەوە و ئەرکیان تۆپ ناردنە بۆ ناو بۆکس.
لەو شێوازی یاریکردنەدا، هەردوو باڵە هێرشبەرییەکە بە بەردەوامی وەکو هێرشبەری دووەم و سێیەم کاردەکەن و پاڵپشت دەبن بۆ سەرەڕمی یانەکە. واتە لە حاڵەتی هێرشبردن، یانەکە بە شێوازی 3-2-5 یاری دەکات و گوشار دەخاتە سەر تیپی بەرامبەر بۆ ئەوەی هێڵەکانیان بگەڕێننەوە دواوە.
ئەرکی ناوەڕاستکارەکان لەم شێوازی یاریکردنەدا لە دروستکردنی یاری و راگرتنی هێرشە پێچەوانەکانی بەرامبەردا خۆی دەبینێتەوە، کاتێک باڵەکانی بەرگری لە پێشەوە دەبن، پێویستە ئەو ناوەڕاستکارانە شوێنیان پڕبکەنەوە و پاڵپشتێک بن بۆ دڵی بەرگرییەکان.
کلیلی سەرکەوتنەکانی ئامۆریم
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەو هێرشبەرە باڵابەرزەی کە ناسراوە بە توانا بەرزە جەستەییەکەی و لەگەڵیدا توانایەکی تایبەتی یاریکردن لە چەند ناوچەیەکی جیاواز هەیە لە یاریگە.
ئەو هێرشبەرێکی تەواوە، یۆکۆرێش دەتوانێت لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆپ وەربگرێت و بەشداری لە یاری دروستکردن دەکات و تۆپ دەگەیەنێتە پێشەوە، لە کاتی پێویستیشدا یۆکێرێش هێرشبەرێکی سەرەڕمی نایابە و توانایەکی زۆر بەرزی گۆڵکردنی هەیە، تەنانەت باڵابەرزەکەی گرنگییەکی زۆری هەیە لە داگرتنی تۆپ بۆ یاریزانەکانی دەوروبەری.
باڵەکانی بەرگری، ماکسیمیلیانۆ ئاراوخۆ و جیۆڤانی کوێندا، ئەو دوو یاریزانە لاوە وەکو باڵی بەرگری چەپ و راست یاری دەکەن، ئەوان لەبەر توانا جەستەییە بەرزەکەیان، بە بەردەوام لە جووڵەدان و دەتوانن لە زۆربەی بەشەکانی یاریگە یارمەتی تیپەکەیان بدەن، پێشبینی دەکرێت گارناچۆ، یەکێک بێت لەو یاریزانانەی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ لە مانچێستەر یونایتدەکەی ئامۆریم.
ئامۆریم چۆن دەبێت؟
بەپێی ئەوەی کە ئامۆریم بە شێوازێکی تایبەت و ورد یاریدەکات، پێویستی بە کۆمەڵێک یاریزانی گونجاوە بۆ ئەوەی شێوازی یاریکردنەوەی بە باشترین شێوە دەربکەوێت، پێدەچێت یانەکە لە گواستنەوەی زستانە هەوڵبدات ناوی نوێ بباتە ریزەکانی یانەکە، ئەگەری بەرزکردنەوەی یاریزانی نوێ لە ئەکادیمیای مانچێستەریشەوە لە ئارادایە، چونکە ئامۆریم لە سپۆرتینگ پشتی زۆر بە یاریزانی لاو بەستووە.