لە دوایین یاری خۆیدا رووداوێکی ناخهەژێنی بەسەردا هات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە خولی تۆپی پێی خانمانی ئەمریکا، مێگان راپینۆی ئەفسانەی تۆپی پێی خانمان بەشداری دوایین یاری پیشەگەری خۆی کرد و دوای سێ خولەك تووشی پێکانێکی قورس بوو و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات. 
 
رۆژی شەممە یانەی ئۆئێڵ رێین میوانداری گۆسامـی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 پێدۆڕاند. مێگان راپینۆ یاریزانی رێین و ئەفسانەی تۆپی پێی خانمان رایگەیاندبوو کە ئەم یارییە دوایین یاری یاریزانەکە دەبێت. 
 
یارییەکە دەستی پێکرد و تەنیا دوای سێ خولەك لە دەستپێکی یارییەکە مێگان دەکەوێتە سەر زەوی و تووشی پێکان دەبێت. دواتر یاریزانەکە بە گریانەوە دەچێتە دەرەوەی یاریگە و ناتوانێت یارییەکە تەواو بکات. 
 
دوای یارییەکە مێگان دەڵێت "ئەمە رووداوێکی ناخۆش بوو و پێشبینیم نەدەکرد دوایین یارییم بەمشێوەیە کۆتایی بێت. شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە توانیومە بۆ ماوەیەکی زۆر یاری بکەم و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە کاروانی وەرزشیمدا لەگەڵم بوون."
 
مێگان راپینۆ بە یەکێك لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی خانمان دادەنرێت و یاری بۆ هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا کردووە. توانیویەتی دوو نازناوی مۆندیال بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەستبێنێت و لە ساڵی 2019 بووە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ خانمان.