ڤیدیۆ؛ هاری هار بووە

رووداو دیجیتاڵ

هاری کەین، بەردەوامە لە گۆڵکردن و جارێکی دیکە سەرکردایەتی بایرن میونشنی کرد بۆ بردنەوە لە هایدنهایم بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ.
 
کەین لەم یارییەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، لە کاتێکدا بایرن بەنیازبوو سەرکەوتنێکی ئاسانی دیکەی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە ئەنجامی 4-0 لە بۆرووسیا دۆرتموندی بردەوە.
 
کاپتنی ئینگلتەرا، کە لە 10 یاری یەکەمی بۆندێسلیگادا 15 گۆڵی تۆمارکردووە و ریکۆردێکی نوێیە، تەنیا پێویستی بە 14 خولەک هەبوو بۆ ئەوەی گۆڵی یەکەمی بەرامبەر هایدنهایم تۆماربکات.
 
پاشان خولەکێک پێش کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی گێمی یەکەم، هاری گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و بایرن بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر پێشکەوت.
 
لە نیوەی دووەمدا، هایدنهایم وەڵامی دایەوە و لە ماوەی سێ خولەکدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و هاندەرانی خاوەن یاریگە تووشی شۆک کرد.
 
لە خولەکی 67 تیم کلایندینست گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دوای ئەوەی ئێریک ماکسیم چوپۆ مۆتینگ تۆپەکەی لە هێڵی ناوەڕاستدا لەدەستدا، پێش ئەوەی یان نیکلاس بێست بە سوود وەرگرتن لە پاسێکی هەڵەی کیم مین جای بەرگریکاری بایرن گۆڵی دووەم و یەکسانبوونەوە تۆمار بکات.
 
بەڵام دوای دوو خولەک رافایێل گێرێرۆ بایرنی رزگارکرد و یەکەم گۆڵی خۆی بۆ تیپی باڤاریا تۆمارکرد و بایرنی کردە خاوەنی گۆڵی سێیەم،
 
پاشان چوپۆ مۆتینگ لە خولەکی 85 بردنەوەکەی بایرنی مسۆگەر کرد، دوای پاسێکی هاوڕێی یەدەگی ماتیس تێڵ.
 
ئەم سەرکەوتنە نۆیەم سەرکەوتنی بایرن بوو لە 11 یارییدا، بەمەش تیپەکە بە خاڵێک لە پێش بایەر لیڤەرکوزنەوەیە، کە ئەگەر ئەمڕۆ لە یونیون بەرلین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەتوانێت بگەڕێتەوە پێشەنگ.