4 وڵاتی ئەمریکای باشوور داوای مۆندیالی 2030 دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی وەرزشیی ئەرجەنتین، چیلی، ئۆرۆگوای و پاراگوای دوێنێ هەینی بە فەرمی لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا بۆ ئەوەی بەهاوبەشی داوای بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 بکەن.
 
ئەو چوار وڵاتە دەیانەوێت بە میوانداریکردنێکی هاوبەشی مۆندیال، سەدەمین ساڵیادی یەکەمین جامی جیهانی بکەنەوە، کە لە مانگی تەمموزی ساڵی 1930 لە ئۆرۆگوای بە بەشداری 13 هەڵبژاردە بەڕێوەچوو.
 
لە یاریی کۆتاییدا ئۆرۆگوای بە ئەنجامی 4-2 لە ئەرجەنتینی بردەوە و بووە یەکەم پاڵەوانی جامی جیهانی.
 
ئەو چوار وڵاتەی ئەمریکای باشوور پلانیان هەیە 18 یاریگا پێشکەش بکەن بۆ بەهێزکردنی دۆسیەکەیان، لەنێویاندا یاریگای سینتێناریۆی ئۆرۆگوای هەیە، کە شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی ساڵی 1930 بوو.
 
فیفا ساڵی 2024 بڕیار لەسەر براوەی میوانداریکردنی جامی جیهانی 2030 دەدات.
 
چەند وڵاتێکی ئەوروپیش رکابەری ئەم وڵاتانەی ئەمریکای باشوور دەکەن و بە هاوبەشی داوای میوانداریکردنی مۆندیال دەکەن، کە بریتین لە ئیسپانیا و پۆرتوگال و هەروەها بەریتانیا، کە سکۆتلەندا، وێڵز، ئینگلتەرا، ئێرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندا دەگرێتەوە.
 
دوای مۆندیالی ئەمساڵ لە قەتەر، مۆندیالی 2026 لە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، کە بە هاوبەشی میواندارییەکە دەکەن.