پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. پاڵەوانی ئەوروپا یاریی مان و نەمان دەکات

12-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سویسرا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و سویسرا لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، یاریی لووتکە دەکەن، کە هەریەکێکیان لەپێناو گەیشتن بە بلیتی سەرکەوتنی کۆمەڵەکە هەوڵی سەرکەوتن دەدەن.
 
لە گەڕی 9ـی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئەمڕۆ 8 یاری بەڕێوەدەچن، کە بە رووبەڕووبوونەوەی مۆلدۆڤا و سکۆتلەندا لە کۆمەڵەی شەشەم دەستپێدەکەن و یارییەکە کاژێر 20:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
یارییەکە، کە لە مۆلدۆڤا بەڕێوەدەچێت، هیچ بایەخێکی بۆ تیپی خاوەن یاریگە نییە، بەو پێیەی مۆلدۆڤا تەنیا خاڵێکی هەیە و تەنیا بۆ مێژوو یاری دەکات، بەڵام بۆ سکۆتلەندا گرنگە، بەو پێیەی سەرەڕای ئەوەی تەنیا 17 خاڵی هەیە و دانیمارک بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ بلیتە راستەوخۆیەکەی ئەم کۆمەڵەیەی بردووەتەوە، بەڵام سکۆتلەندا لە ترسی ئیسرائیل کە 13 خاڵی هەیە، دەیەوێت بە بردنەوەی 3 خاڵی ئەم یارییە، پلەی دووەمی کۆمەڵەکە مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەکانی پاشکۆدا بکات.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، ئیتاڵیا لە یاریی لوتکەی ئەمشەودا لەسەر یاریگەی سانسیرۆ میوانداری سویسرا دەکات و براوە دەبێتە یەکەمی کۆمەڵەکە.
 
هەردوو هەڵبژاردە بە 14 خاڵ پلەی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکەن، کە ئیتاڵیا بەجیاوازی گۆڵ لەپێشەوەیە، هەردووکیان هێشتا نەیانتوانیوە گەیشتنی خۆیان بۆ مۆندیال مسۆگەر بکەن، بۆیە یارییەکە زۆر گرنگە و هەردوو تیپ بەوپەڕی هێزیانەوە یاری دەکەن بۆ ئەوەی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان بەدەستبێنن.
 
هەفتەی رابردوو یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و راهێنەرەکەیان سەردانی نەخۆشخانەیەکی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیایان کرد و هەندێک لە نەخۆشەکان تابلۆیان بۆ راهێنەر و یاریزانەکان کێشابوو، کە یەکێکیان نووسیبووی "لەنێو یاریگە و لە ژیاندا، پێکەوە یارییەکان دەبەینەوە".
 
رۆبێرتۆ مانچینیی راهێنەری ئیتاڵیا، بەڵێنی دابوو ئەو تابلۆیە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانیدا هەڵواسێت، بۆ ئەوەی یاریزانەکان هانبدرێن لەم یارییەدا هەموو کۆششێک بکەن، چونکە دۆڕان پاڵەوانانی ئەوروپا دەخاتە هەڵوێستێکی مەترسیدارەوە و بە ئەگەری زۆرەوە ناچار دەبن دوو یاریی پاشکۆ ئەنجام بدەن، کە ئەوکاتیش سەرکەوتنیان ئاسان نابێت.
 
 
یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
مۆلدۆڤا - سکۆتلەندا 20:00
دانیمارک - دوورگەکانی ڤارۆ 22:45
نەمسا - ئیسرائیل 22:45
هەنگاریا - سان مارینۆ 22:45
ئێرلەندای باکوور - لیتوانیا 22:45
ئینگلتەرا - ئەڵبانیا 22:45
ئاندۆرا - پۆلەندا 22:45
ئیتاڵیا - سویسرا 22:45
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە