بێنفیکا چۆن بووە کارگەی بەرهەمهێنانی ئەستێرەکان لە ئەوروپا؟

12-11-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی بێنفیکا
A+ A-

رووداو دیجیتال

"من خەونێکم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ببینم بێنفیکا لەگەڵ پێنج یان شەش یاریزانی ئەکادیمیاکەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە". بەمشێوەیە رۆدریگۆ ماگالایسی رێکخەری هونەریی ئاکادیمیای بێنفیکا گوزارشتی لە هیواکانی کرد.

لە راستیدا ماگالایس دەیان کوڕی ئەکادیمیاکەی بینیوە، کە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە ریزەکانی بێنفیکادا ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکردووە، ئەوەش خەونەکەی لە هاتنەدی نزیکدەکاتەوە، چونکە پڕۆژەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام لە بەدبەختی یانە سوورپۆشەکەی پۆرتوگال بەرووبوومی ئەو پڕۆژەیە بۆ خۆی نییە.

ئەو ئەکادیمیایە یاریزانی زۆر بەتوانا و ئەستێرە پێدەگەینێت، بەڵام ریزەکانی بێنفیکا جێدەهێڵن و دەچنە یانەکانی دیکە، بۆ نموونە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی 200 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە بۆ کڕینی یاریزانانی ئەو ئەکادیمیایە، هەروەها جواو فیلیکسیش لە هاوینی رابردوودا بە 113 ملیۆن یۆرۆ چووە ریزەکانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی.

رۆبن دیاز یاریزانێکی دیکەی ئەم ئەکادیمیایەیە، کە بەرامبەر 62 ملیۆن یۆرۆ چووەتە ریزەکانی مانچێستەر سیتی. ئەو یاریزانەی لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لە لایەن ماگالایسەوە بردراوەتە ئەو ئەکادیمیایە، کە  لە یارییەکی تازەپێگەیشتوواندا بینیبووی.

تیمی هونەری ئەکادیمیای بێنفیکا بایەخ بە وەرگرتنی منداڵان لە تەمەنی زێڕینیاندا دەدات، کە لە نێوان 6 تاوەکو 13 ساڵیدایە. ئەو ئەکادیمیایە 470 یاریزانی هەیە. 

ماگالایس دەڵێت "پێموانییە ئەم ژمارەیەی یاریزانان زۆر بێت، چونکە ئەوە وەبەرهێنانە، کاتێک ئەوەی لێیان خەرجدەکەین بەراورد بکەین بە پارەی کڕینی ایریزانێکی بەتوانای تەمەن 22 ساڵان، دەبینین خەرجییەکەمان 20 جار و زیاتریش کەمترە لە پارەی کڕینی یاریزانەکە".

یانەی بێنفیکا لە رێگەی ئەو ئەکادیمیایەوە، لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا 15 یاریزانی بەرامبەر بە نزیکەی نیو ملیار پاوەند فرۆشتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە