ئامێری تۆماری دەنگی لە ژووری جلگۆڕینی مانچێستەر یونایتددا دۆزراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاشکرایانکردووە یانەی مانچێستەر یونایتد بەر لە یاریی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا، لە پرێمەرلیگ، رووبەڕووی کێشەی گوێگرتن لە قسەی یاریزانەکانی بووەتەوە لە ژووری جلگۆڕیندا.
 
ئامێری گوێلێگرتن و تۆمارکردنی دەنگەکە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە لەنێو یاریگەی ڤێلا پارکی، تایبەت بەیانەی ئاستۆن ڤێلا دۆزراوەتەوە. یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
رۆژنامەی 'زەسەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئامێرەکە لەپێش یارییەکە لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە دانراوە و ئەوەش پێشێلکارییەکی یاسایی گەورەیە بەرامبەر تیپەکە کراوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، کەسێکی نەناسراو، فێڵی لە سیکیوریتییەکانی یاریگەی ڤێلا پارک کردووە و دوو رۆژ بەر لە وادەی یارییەکە، دزەی کردووەتە ژووری جلگۆڕینی تایبەتکراو بە تیپی بەرامبەر و لەوێ ئامێری گوێگرتن و ریکۆردەکەی داناوەتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، "ئامێرەکە هەموو قسەکانی ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مان یونایتدی بەرلە یارییەکە و دوای یارییەکە و لە پشووی نێوان هەردوو گێمیشدا تۆمارکردووە، هەروەها گفتوگۆی نێوان یاریزانەکانیش".
 
'زەسەن' لەزاری سەرچاوەیەکەوە گوتوویەتی، "ئەوەی روویداوە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و شۆکهێنەری ئاسایشی یاریگەکەیە و پرسیاری زۆر لەبارەی ئەوەوە دروستدەکات، چۆن رێگەدراوە ئەو پێشێلکارییە گەورەیە رووبدات، کە خۆشبەختانە هیچ ئاکامێکی خراپی لێنەکەوتووەتەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەوەی روویداوە تەنیا فێڵێک بووە، لە راستیدا ئەوەی کارەکەی کردووە، هاندەری مانچێستەر یونایتد بووە و سەربەخۆ کارەکەی کردووە و ویستوویەتی گوێی لە مشتومڕی نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکەی بێت".
 
راپۆرتەکەی رۆژنامە ئینگلیزییەکە ئاشکرایکردووە، دەستەی رۆژنامەکە گوێیان لە تۆمارەکە گرتووە، بەڵام بڕیاریداوە بڵاوی نەکاتەوە، دووپاتیشی کردووەتەوە کە لە تۆمارەکەدا دەنگی هەمووان هەیە بەراهێنەر و یاریزانانی یانەکەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، دوای گەیشتنی تۆمارە دەنگییەکە بەدەستمان، دەستبەجێ بەرپرسانی یاریگەکەمان ئاگادارکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری کارەکە کە پاش 24 کاژێر لە یارییەکە، ئامێرە دەنگییەکەی لە ژوورەکە هێناوەتە دەرەوە.
 
یانەی ئاستۆن ڤێلا لای خۆیەوە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە لە رووداوەکە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بەڕاستیی ئەوەی چۆن ئەو پێشێلکارییە روویداوە.