مێسی هۆشداری دەداتە لاپۆرتا و فلیک

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی پێشووی بارسێلۆنا، هۆشداری دەداتە هانزی فلیکی راهێنەر و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی کەتەلۆنی، سەبارەت بە یاریزانێکی یانەکە و پێیاندەڵێت "ئەو یاریزانە مەفرۆشن، دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی".
 
لەژێر سەرکردایەتی هانزی فلیکی راهێنەر، بارسێلۆنا چێژ لە وەرزێکی دیاری وەردەگرێت، چونکە دوای 9 گەڕ بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیای گرتووە و بە 3 خاڵ لەدوای رکابەرە تەقلیدییەکەی ریال مەدریدەوەیە.
 
تیپەکە ئاستێکی بەهێز و بەکۆمەڵ نیشان دەدات، ئەمەش رەنگدانەوەی دیدگای فلیک و ستراتیژییە کاریگەرەکانیەتی لە بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانان و بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی، راهێنەرە ئەڵمانییەکەش هەوڵدەدات سەرکردایەتی بارسێلۆنا بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنێتەوە سەر ستەیجی نازناوەکان.
 
لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، لیۆنێل مێسی سەرسامی خۆی بە ئاستی تیپەکە لەژێر سەرکردایەتی فلیکدا راگەیاند و جەختی لەسەر گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان کردەوە کە لە ئاستی یاریکردنی تیپەکەدا روویانداوە.
 
لیۆ مێسی، ئەفسانەی بارسا، سەرسامی خۆی نەشاردەوە بەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە بەسەر یاریزانانی تیپەکەدا هاتووەە لەگەڵ هانزی فلیک، بەتایبەتی یاریزانانی وەک رافینیا، لیڤاندۆڤسکی و لامین یامال.
 
کاتێک لەبارەی نیازی بارسێلۆنا بۆ فرۆشتنی ئانسو فاتی لە مێرکاتۆی زستانەدا پرسیاری لێکرا؟ مێسی بەتووندی ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە پێویستە ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا دەرفەتی تەواوی پێبدرێت و دواتر داهاتووی لەگەڵ تیپەکەدا هەڵبسەنگێندرێت.
 
هەروەها مێسی ئامۆژگاری راهێنەر و کارگێڕیی یانەکەی کرد کە بیر لە فرۆشتنی ئەو یاریزانە نەکەنەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر فاتی بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەوا گرێبەستێکی زۆر بەهێز دەبێت بۆ تیپەکە.
 
مێسی پێیوایە فاتی توانایەکی گەورەی هەیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا.
 
لیۆنێل مێسی کاتێک لە بارسیلۆنا بوو لەگەڵ ئانسو فاتی یاری کردووە و دەزانێت کە فاتی یاریزانێکی چەند بەتوانا و گرنگە بۆ بارسێلۆنا.