ریال مەدرید: ئاهەنگەکانمان دەستپێدەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرایکردووە لەمەودوا ئاهەنگەکانی دەستپێدەکاتەوە، پاشئەوەی بەهۆی سکاڵای ژمارەیەک ماڵی نیشتەجێی نزیک لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رێگەی ئەنجامدانی ئاهەنگەکانی لە نێو یاریگەکەیدا لێگیرا.
 
ریال مەدرید رایگەیاندووە، مۆڵەتی تەواوی بەدەستهێناوە بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگەکان لەسەر یاریگەکەی، بەپێچەوانەی سکاڵای دانیشتووانی نزیکە یاریگەکەوە لە دەنگەدەنگی دەرچوو لە ئاهەنگەکانی نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە داوای راگرتنی ئاهەنگەکانیان کردبوو.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "ئاهەنگە مۆزیکییەکان لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، پێویستیان بە مۆڵەتی شارەوانیی نییە، بەڵکو تەنیا مۆڵەتدانی کارگێڕیی". هەروەها دەڵێ، "سەرجەم ئاهەنگەکان بەسوود وەرگرتن لەو جۆرە مۆڵەتە کە لەناوچەی مەدرید دەرچووە، ئەنجامدراون".
 
ریال مەدرید دەڵێ، "کاردەکەین لە مەدرید و ناوچەی شارەوانییەکەیدا، لەپێناو بەردەوامبوون لە چالاکییەکان، تەنانەت سەرجەم چالاکییەکان لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریزی تەواوی یاساکان، تەنانەت ژینگە و ناوچەکەش دەگرێت".
 
ریال مەدرید کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کاری زۆری بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامدا، لە فراوانکردن، بنمیچدانان و زەویی یاریگەکە، پێشتر رایگەیاندبوو کە سەرجەم ئاهەنگەکانی سەر یاریگەکەی تاوەکو 2025 رادەگرێت، پاش سکاڵای دانیشتووانی نزیکە لە یاریگەکە.
 
لە چەند مانگی رابردوودا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆ، چەندین ئاهەنگی گەورە و کۆنسێرتی موزیک ئەنجامدران، لەنێویاندا ئاهەنگی گەورەی تایلۆر سوێفت و کارۆل جی.
 
پێشتر ماڵە نزیکەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دەستەیەکیان بەناوی 'قوربانییانی دراوسی بێرنابیۆ' دروستکردبوو و گوتبوویان کە یاریگەکە دەنگ دانابڕێت و دەنگێکی زۆر لەکاتی ئاهەنگەکاندا دەگاتە ماڵەکانی نزیک یاریگەکە. ئەو دەستەی هەروەها ریال مەدریدیان تۆمەتبارکردبوو بەوەی بەپێی مۆڵەتێکی ماوە بەسەرچوو، ئاهەنگەکان لە یاریگەکەیدا ئەنجامدەدات.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "زۆر هەڵەیە کاتێک دەگوترێت ریال مەدرید بەپشتبەستن بە مۆڵەتێکی ماوەبەسەرچوو کارەکانی ئەنجامدەدات و یاریگەکەی گەشەپێدەدات، هەروەها ئەوەش هەڵەیە کە ئەم مۆڵەتدانە چەواشەکارانە بەکاردەهێنرێت لەلایەن یانەکەمانەوە".
 
ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا لەلایەن دادگاوە ناچارکرا کارکردن لە پارکی ئۆتۆمبێلی یاریگەکەی و تونێلی ژێر یاریگەکەدا رابگرێت، پاشئەوەی هەمان دەستە سکاڵایان لەسەری بەرزکردەوە.
 
یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکەوێتە ناوچەی چیامارین لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا. یانەکە نزیکەی 1.1 ملیار دۆلاری قەرز بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی خەرجکردووە، پێشبینیدەکات بەهۆی یاریگە نوێیەکەیەوە، داهاتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.