هەواڵە هەرە خۆشەکە گەیشتە ریال مەدرید

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەواڵێکی خۆش گەیشتە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید کە تایبەتە بە گەڕانەوەی یەکێک لە یاریزانە هەرە گرنگەکانی پێکهاتەکەی.
 
لە کاتێکدا کە ریال مەدرید بە قۆناخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت بەهۆی پێکرانی چەندین یاریزانی کاریگەر لە پێکهاتەکەی، ئەمڕۆ پزیشکانی تیپەکە هەواڵێکی خۆشیان بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی برد و پێیان راگەیاندووە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی بە تەواوی چاکبووەتەوە لە پێکانەکەی.
 
لە یاریی ریال مەدرید و ڤیاریال لە لالیگادا، یانەی شاهانە گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، بەهۆی ئەوەی دانی کارڤاخالی بەرگریکاری تووشی پیاکنێکی قورس بوو، و وەرزی ئەمساڵی کۆتاییهات. هەر لەو یارییەدا ڤینیسیۆسیش لە ملیدا تووشی پێکان بوو، کە بەو هۆیەوە نەیتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداری لە هەفتەی فیفادا بکات.
 
ئەگەرچی سەرەتا هەندێک لە میدیاکان رەخنەیان لە ڤینیسیۆس گرت و بەوە تۆمەتباریان کرد کە ئەو یاریزانە تووشی هیچ پێکانێک نەبووە و تەنیا فێڵێکە دەیکات بۆ ئەوەی بۆ بەرازیل یاری نەکات و لە مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام دواتر هەردوو تیمی پزیشکیی هەڵبژاردەی بەرازیل و ریال مەدرید هاوڕابوون لەسەر ئەوەی یاریزانەکە پێویستی بە چارەسەرییە.
 
تۆڕی هەواڵی رێلێڤۆ ئەمڕۆ رایگەیاند، کە ڤینیسیۆس بەتەواوی لە پێکانەکەی ملی چاکبووتەوە و بۆ یاریی داهاتووی ریال مەدرید ئامادەیە، کە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە گەڕی 10ـی لالیگادا ببێتە میوانی سێلتاڤیگۆ.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا نەیتوانیوە دڵی هاندەرانی رازی بکات، کە لە لالیگادا سێ خاڵ لە بارسێلۆنای رکابەری دوورە و لە چامپیۆنزلیگیشدا لە دوو یارییدا یارییەکی دۆڕاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە