سەرۆکی بەرازیل داوای دوورخستنەوەی یەکجاری یاریزانانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لویس ئیناسیۆ لۆلا داسێلڤا، سەرۆکی بەرازیل لە لێدوانێکی مشتومڕهەڵگردا، رەخنەی لە ئاستی یاریزانە پیشەگەرەکانی وڵاتەکەی گرت، دەڵێ ئەوانەی لە بەرازیل یارییدەکەن، هیچیان کەمتر نییە لەوانەی لە دەرەوە یارییدەکەن.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی، ئاماژەی بە لێدوانی داسڵیڤا داوە، کە تێیدا هاتووە، "یاریزانە پیشەگەرەکانمان لە دەرەوە، لەو یاریزانانە باشترنین کە لەنێو بەرازیلدا یارییدەکەن".
 
قسەکانی سەرۆکی بەرازیل، پاش دەرکەوتنی هەریەکە لە لویز هێنریک و ئیگۆر جیسۆسی یاریزانانی یانەی بۆتاڤۆگۆ دێت، کە پێشەوایەتی بەرازیلیان کرد بۆ بردنەوە لە چیلی 2 - 1 لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026.
 
بەرازیل بەر لەسەرکەوتن بەسەر چیلی، لە دۆخێکی خراپدا بوو لە کاتێکدا زۆرینەی یاریزانانی پێکهاتەکە، ئەو ئەستێرانەبوو کە لە ئەوروپا یارییدەکەن.
 
سەرۆکی بەرازیل هەروەها دەڵێ، ئێستا ئیدی ئەستێرەی وەک گارینچیا و رۆماریۆمان لە یانە بیانییەکاندا نەماوە، هەر بۆیە، "یاریزانی زۆر باشی کوالیتی بەرزمان هەیە لە نێوخۆ کە هەمان ئاستی یاریزانەکانی بەرازیلیان هەیە لە دەرەوە، دەبێ ئەوان هەلی دەرکەوتنیان پێبدرێت".
 
پێشبینیکراوە لێدوانەکانی سەرۆکی بەرازیل، شەپۆلی تووڕەیی یاریزانانی پیشەگەری بەرازیلی لە یانە گەورەکانی ئەوروپا، بەتایبەت ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەدوادابێت، بەتایبەت ڤینیسیۆس جۆنیۆر، رۆدریگۆ، ئیدێر میلیتاو، ئیندریک و رافینیا کە لە یانەکانیان درەوشاوەن و هەمان ئاست لەگەڵ هەڵبژاردەی سامبا پێشکێش ناکەن.
 
لای خۆیەوە، رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، سەرۆکی بەرازیل لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا، هەڵوەستەی لەسەر دۆخی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە و گوتوویەتی، لەگەڵ راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلدا باسی ئەوەم کردووە کە چیدی پێویست بەبانگهێشتکردنی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەورووپا بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل ناکات، بەڵکو دەکرێ تەنیا پشت بەیاریزانە نێوخۆییەکان ببەسترێت.
 
بەبردنەوە لە چیلی، هەڵبژاردەی بەرازیل کەمێک لە ئارامیی بەدەستهێنایەوە، بەتایبەت کە کۆی خاڵەکانی لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026 گەیاندە 13 خاڵ و بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکان سەرکەوتن.
 
سەرۆکی بەرازیل هەروەها گوتوویەتی، یاریزانەکانی ئێستامان لە دەرەوە کۆمەڵێک گەنجن کە هێشتا نەبوونەتە ئەستێرە.
 
لۆلا داسێلڤا، هاندەری یانەی کۆرێنتیانزی بەرازیلییە، لە ماوەی رابردوودا رەخنەی لە دۆخی تیپەکەی گرتبوو بەهۆی بوونی لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین.
 
لۆلا، یەکێک بوو لەو بەرازیلییانەی بەتووندی لە دژی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی بەڕاهێنەری بەرازیل وەستانەوە، کاتێک بڕیاربوو ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە مەشقدانی هەڵبژاردەکە وەربگرێت. ئەوکات داسێلڤا گوتی، بەردەوامبوونی فێرناندۆ دێنێز لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە، لە هێنانی ئەنچیلۆتی باشترە، چونکە کارلۆ راهێنەری ئیتاڵیا نەبووە و ناتوانێ کێشەی بەرازیل چارەسەر بکات.