کوردێک سەرکردایەتی بردنەوەی ئەڵمانیا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە درەوشانەوە بەردەوامە و سەرکردایەتی بردنەوەیەکی گرنگی هەڵبژاردەکەی کرد.

ئەڵمانیا لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی نەیشنسلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆسنە یارییکرد.
 
بۆ یاریی دووەم لەسەریەک دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کورد بەشێوەی سەرەکی یارییکرد و سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بردنەوە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
 
لە خولەکی 30 ئونداڤ دەرگەی گۆڵکردنی کردەوە و هەڵبژاردەی ئەڵمانیای پێشخست.
 
دوای شەش خولەک لەو گۆڵە، ئەستێرە کوردەکە گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەی ئەڵمانیای تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی ئەڵمانیا تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، دێنیز گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد، بەڵام بەبیانووی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە و دواتر یاریزانە کوردەکە لە خولەکی 61 گۆڕانکاریی پێکرا.

 
لە خولەکی 70 ئێدین دزیکۆ، گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی بۆسنە تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە، ئەڵمانیا بەسەرکردایەتی ئەستێرەیەکی کورد سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سێیەمی ئاستی یەکەم بووە خاوەنی 7 خاڵ، بۆسنە لە 3 گەڕدا تەنیا یەک خاڵی هەیە.

 
ئونداڤ چی کرد؟
 
* دێنیز ئونداڤ، دووەمجارە بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکانی ئەڵمانیادا دەکات لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگدا.
 
* دێنیز ئونداڤ، یەکەمجارە لە یارییەکەدا دوو گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات.
 
* دێنیز ئونداڤ، لە دوایین دوو یارییدا بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا 3 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو یارییە لەسەریەک گۆڵ دەکات.
 
* ئونداڤ لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی یانە و هەڵبژاردە، 12 یاریی ئەنجامداوە، 9 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئاسیستی هەیە، یاریزانەکە بەشداریی لە 11 گۆڵدا کردووە.