ڤیدیۆ؛ سیسک فابریگاس دێتە هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

سیسک فابریگاس، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
کاردۆ کەمال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئینگۆت برۆکرز لە عێراق، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت "کارمان لەسەر ئەوە کرد کە تازەکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکان لە بری ئەوەی بچێتە ئوسترالیا یان ئوردن بێنینە هەولێر و لێرە واژۆ بکرێن. و ببێتە یەکێک لە رووداوە جیهانییەکان کە لە هەولێر رووماڵ بکرێت و لە هەولێرەوە واژۆی گرێبەستەکانیان بکرێت و لەگەڵ خولی ئیسپانیا گرێبەستەکانمان تازە بکەینەوە. بۆیە ماوەی نزیکەی شەش مانگە خەریکین تاوەکو بتوانین لالیگا و رازی بکەین و فابریگاس رازی بن گرێبەستەکانیان واژۆ بکەین".
 
کۆمپانیای ئینگۆت برۆکرز ئامادەکاریی تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە فابریگاس کردووە، 1500 کەس ناوی خۆیان بۆ بینینی ئەم ئەستێرەیە تۆمارکردووە، ئەستێرە ئیسپانییەکە وێنە لەگەڵ هاندەرانی دەگرێت و بە واژۆی خۆی درێسەکانی پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە هەژمارییان لە کۆمپانیاکە کردووەتەوە، هاندەرانی لالیگا و فابریگاس دەتوانن لە رێگای کردنەوەی هەژمارێک لەو کۆمپانیایە دەرفەتی گەیشتن بەو ئەستێرەیە بەدەستدەهێنن.  
 
رێناس عەدنان، یەکێکە لە هاندەرانی بارسێلۆنا و فابریگاس، ئەو گوتی "ماوەیەکی کەمە، دوو مانگێک دەبێت ئەکاونتێکم کردووەتەوە لە ئینگۆت. دڵخۆشم کە دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە سیسیک فابریگاس لە نزیکەوە ببینین. بەتایبەتی کە ئەو پێشتر یاریزانی یانەی بارسێلۆنا بووە و ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە نزیکەوە دەیبینین. 
 
دوو ساڵە کۆمپانیای ئینگۆت برۆکرزی  ئوستراڵی یەکێکە لە سپۆنسەرەکانی خولی لالیگا لە کیشوەری ئاسیا و باکووری ئەفریقیا، کۆمپانیاکە بە هاوبەشی لەگەڵ لالیگای ئیسپانی دەیەوێت وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا بکات.