ڤیدیۆ؛ کۆرۆنا چۆن فابریگاسی کردە راهێنەر

12-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
سیسک فابریگاس
سیسک فابریگاس
نیشانەکردن سیسک فابریگاس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەروەکچۆن هاتنی کۆرۆنا گۆڕانکاریی گەورەی لە ژیان و دونیابینی مرۆڤایەتیدا دروستکرد و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی تاکایەتی زۆر کەس هەبوو، بەهەمان شێوە ئەو پەتایە، گۆڕانکاریی گەورەی لە ژیانی سیسک فابریگاس و بیرکردنەوەی ئەو لە داهاتوو دروستکرد.
 
فابریگاس کە ئێستا راهێنەری یانەی کۆمۆیە لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا، سەرەتاکانی بوونە راهێنەری خۆی بۆ رۆژانی کەرەنتینە و بیرکردنەوە لە داهاتوو دەگێڕێتەوە. فابریگاس دەڵێ، ئەو رۆژانە بڕیارمدا هەنگاوی داهاتووم راهێنەرایەتی بێت، ئیدی رۆژانە تەماشای دوو تاوەکو سێ یارییمدەکرد و ئێستاش هەربەردەوامم. 
 
سیسک بەهۆی یاریکردن لە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا و هەڵبژاردەی ئیسپانیاش، بەرکەوتن و کارکردنی لەگەڵ چەندین راهێنەری گەورەدا هەبووە، ئەو کارەکە وا ناودەبات: شانازم بەوەی لەژێر سەرپەرشتی باشترین راهێنەرەکانی جیهاندا کارمکردووە. 
 
سەرەتاکانی دەرکەوتن و درەوشانەوەی سیسک وەک یاریزان، لە یانەی ئارسیناڵ و لەژێر سەرپەرشتی ئارسن ڤینگەردابوو، سیسک لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو راهێنەرە فەرەنسییەوە دەڵێ، زۆر شتم هەیە کە لە ڤینگەرەوە فێری بووم، کە پێموایە ئەو باشترین راهێنەرە لە نێو یاریگەدا. ئەو وای لێکردم تۆپی پێ لە سۆنگەیەکی دیکەی جیاواز و بەئاستێکی دیکەی جیاوازەوە ببینم.
 
فابریگاس دەڵێ، ڤینگەر خوێندنەوەی بۆ باشترین یاریزانانی جیهان هەبوو و لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیەدا گەیشتبووە ئەوەی، کە باشترین یاریزانەکان بەرلەوەی تۆپ وەربگرن، بەچاو لە نێوان 15 تاوەکو 20 جاردا کێوماڵی تەواوی یاریگە دەکەن. هەر بۆیە ئەو گوتی ئەگەر منیش دەمەوێت ببمە ناوەڕاستکارێکی گەورە، دەبێ هەمان کار بکەم. ئارسین ئەو کەسەبوو کە منی فێرکرد هەمیشە تەماشای پێشەوە بکەم. ئەو وایکرد هەست بەوە بکەم کامە باشترین تایبەتمەندیی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە. 
 
راهێنەرێکی دیکە کە فابریگاس باس لە تایبەتمەندییەکانی دەکات، پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانییە، ئەو دەڵێ پێپ داوای لە من دەکرد،  بەهەمان شێوە یاریی بکەم، پێموایە ئەو متمانەی زۆری بە لێکتێگەیشتنی نێوان من و مێسی هەبوو، بەتایبەت کە ئێمە ماوەیەکی زۆربوو یەکدیمان دەناسی و لێکتێدەگەیشتین، لە نێوانماندا لێکتێگەیشتن لە ئاستێکدابوو کە تەنیا بە تەماشاکردن و بەبێ قسە یەکدیمان دەخوێندەوە.
 
بەڵام وەک فابریگاس روونیدەکاتەوە، لە رووی کەسێتییەوە، گواردیۆلا لە ڤینگەر جیاواز بوو. ئارسین نەرمونیان و نزیکبوو لە یاریزانەکان، بەڵام گواردیۆلا ماوەیەکی گەورەتری لە نێوان خۆی و تیپەکەدا دەهێشتەوە، ئەو دووژمنکارانەتر و تووندتربوو کاتێک دەیویست پەیامەکانی خۆی بگەیەنێت، بەڵام ئەو سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەستهێنا لە رێگەی ئەو شێوازەیەوە.
 
سیسک فابریگاس لە دوای ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، جارێکی دیکە گەڕایەوە لەندەن، بەڵام ئەمجارەیان لە یانەیەکی دیکەی شارەکە، لە چێڵسی و لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ یارییکرد. ئەو لەبارەی سپێشەڵ وەنەوە دەڵێ، ئەوکات من ئیدی لاوەکەی جاران نەبووم، بووبوومە کەسێکی کامڵ. سیسک وەکخۆی گوتوویەتی هەرزوو مۆرینیۆ پێشانیدا کە ئەو یەکێکە لە گرنگترین یاریزانانی یانەکە و کارەکە بەشێوەیەک بوو، بەجۆرێک بیرکردنەوەی منی گۆڕی، پێشتر هیچ کەسێک نەیگۆڕیوە، هەر ئەوەش وایکرد من باشترین ئاستی خۆم پێشان بدەم لە یاریگەدا. 
 
سیسک فابریگاس یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیادا گەیشتنە لووتکەی تۆپی پێی جیهان و نازناوی یۆرۆی 2008 و 2012 و لەو نێوانەشدا، نازناوی مۆندیالی 2010یان بردەوە.. لەو ماوەیەی یارییکردندا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سیسک لەگەڵ دوو راهێنەری جیاوازدا کارییکردووە، یەکەمیان لویس ئاراگۆنیسە کە وەکئەو دەڵێ، لویس ئاراگۆنیس هەلی یەکەم بەشداریی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دامێ کاتێک تەمەنم 18 ساڵ بوو. هەتا ماوم بەردەوام سوپاسی دەکەم بۆ ئەوە. ئەو زۆر متمانەی بەمن هەبوو.
 
لەبارەی ڤیسێنتی دیل بۆسکییەوە کە دوای ئاراگۆنیس مەشقدانی لارۆخای وەرگرت و بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەکە لە مێژوویدا، نازناوی مۆندیالی بردەوە، دەڵێ دیل بۆسکی، سوودی زۆری لە باش یەکدی ناسینی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە وەرگرت، گرووپێکی بەهێزی لێدروستکردن، زۆر بەهای نوێی بەسەردا سەپاندن، هەر کاتێکیش بچووکترین کێشە رووی بدایە، ئەو بە ئارامی دەهاتە نێو کێشەکەوە و چارەسەری دەکرد.
 
فابریگاس لە باسوخواسی کارکردن لەگەڵ ئەو راهێنەرە دەڵێ، ڤیسێنتی دەیتوانی ئەو ئارامییەی هەیەتی بۆ یاریزانەکانی بگوازێتەوە لە مەشق و لە یارییەکانیشدا. ئەو وایدەکرد هەست بە ئارامی و دڵخۆشییەکی بێوێنە بکەین. تۆپی پێ هەموو کات نموونەیی نییە، دەکرێ یاریزان لە کاتی ناردنی تۆپێکدا هەڵە بکات، بەڵام ئەو هەمیشە متمانەی پێدەبەخشین، ئەگەر لە کارێکدا جاری یەکەم شکستمان بهێنایە بەئارامی پێیدەگوتین، کێشە نییە و جاری دووەم دەتوانین ئەنجامی بدەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە