ئێمباپێ ناچارە لە دایکی جیاببێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ناچارە  لە فایزە ئەلعەماریی دایکی جیاببێتەوە، کە لە ساڵانی رابردوودا وەک بەڕێوەبەری کارەکانی کاریکردووە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لەو بارەیەوە نووسیویەتی "بەپێی یاسای نوێی فیفای تایبەت بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان، ئێمباپێ ناچار دەبێت بەڕێوەبەرێکی کاری نوێ بدۆزێتەوە، چونکە دایکی مۆڵەتی پێویستی نییە".
 
روونیشیکردەوە، دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی رێساکانی فیفا، ناوی ئەلعەمەری لەنێو ئەو هەزاران بەڕێوەبەری کارەدا دانەنراوە کە لەلایەن فیفاوە بڕواپێکراون، هەر بۆیە بەبێ ئەم مۆڵەتە، فایزە ناتوانێت نوێنەرایەتی هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ بکات، دانوستاندن لەسەر گرێبەستێک بکات یان پاداشتێک وەربگرێت، تەنانەت بە ناڕاستەوخۆش.
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە بەپێی پلاتفۆرمی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان لە فیفا، دایکی ئێمباپێ ناتوانێت پێش مانگی ئایاری داهاتوو مۆڵەتەکە بەدەستبهێنێت، کاتێک هەڵبژاردنی نوێی بەڕێوەبەری کاری یاریزانان ئەنجام دەدرێت.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر فایزە ئەلعەماری بەشداری هەر چالاکییەک بکات، هەر بەڕێوەبەرێکی کاری دیکە دەتوانێت سکاڵای لێبکات، کە ئەگەر ئاشکرابوو هەر کەسێک بەبێ ئەم مۆڵەتە کاربکات، کەسی سەرپێچیکار یان ئەو کۆمپانیایە کە کاری بۆ دەکات بە بڕێک پارەی زۆر سزا دەدرێت.
 
جێبەجێکردنی ئەم هەموارکردنە یاساییە لە هەندێک وڵاتی وەک ئەڵمانیا، ئینگلتەرا و ئیسپانیادا لە رووی دادوەرییەوە مشتومڕی لەسەر دروستبووە، بەڵام فیفا پابەندە بە یاسا نوێیەکانییەوە.
 
مۆڵەتدان بە بەڕێوبەری کاری یاریزانان بووەتە جیهانی، هەر بەڕێوبەرێکی کار دەبێت لە تاقیکردنەوەی فیفا دەربچێت یان مۆڵەتێکی هەبێت کە لە ساڵی 2015ـەوە کارا بووە. هەروەها باوک، برا، خزم، یان پارێزەری ئاسایی بەدەر نابن لەو یاسایە.
 
فایزە ئەلعەماری خۆی داوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی بەڕێوبەری کارەکان نەکردووە، بۆیە ناتوانێت هیچ پاداشتێک وەربگرێت بۆ گرێبەستی ئێمباپێ کە بەئەگەری زۆرەوە دەیبێت.
 
کەواتە بۆ دانوستاندن لەسەر رۆیشتنی بۆ یانەیەکی دیکەی وەک ریال مەدرید یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئێمباپێ دەبێت بەڕێوبەرێکی کاری دیکە بدۆزێتەوە، ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی یان پارێزەرەکەی مۆڵەتی فیفای نەبێت.