ناپۆلی راهێنەرەکەی دووردەخاتەوە و کۆنتی قسەی لەبارەی مەشقدانی ناپۆلییەوە هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ئیتاڵی، لەبارەی دەنگۆکانی مەشقدانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵییەوە بۆچوونی خۆی ئاشکراکرد. لە کاتێکدا هەموو سەرچاوەکان باس لە نزیکیی دوورخستنەوەی رۆدی گارسیا، راهێنەری یانەی ناپۆلی لە پۆستەکەی دەکەن.
 
کۆنتی کە دوا یانە مەشقیدابێت یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییە، لەبارەی دەنگۆکانی بوونی بەڕاهێنەری یانەی ناپۆلی، لە ئینستاگرامی خۆی نووسیوویەتی، "زۆر دەنگۆم لەبارەی گواستنەوەکانەوە گوێ لێدەبێت کە من بە یانەی گرنگەوە دەبەستنەوە، بەڵام من دووپاتیدەکەمەوە ئێستا من تەنیا یەک ویستم هەیە، ئەویش بەردەوامبوونمە لە چاوەڕوانی و بەردەوامبوون لە چێژ وەرگرتن لەگەڵ خێزانەکەم".
 
کۆنتی ئەگەرچی ناوی هیچ یانەیەکی نەهێناوە، بەڵام قسەکانی ئاراستەی ئەو دەنگۆ گەرمانەن کە لە ئیتاڵیا باس لە بوونی ئەو بەڕاهێنەری ناپۆلی دەکەن.
 
کۆنتی لە مانگی سێی ئەمساڵ لە مەشقدانی تۆتێنهام دوورخرایەوە. ئەو پێشتر لە 2014 تاوەکو 2016 راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بووە، لە یانەکان لە ماوەی نێوان 2011 - 2014 راهێنەری یانەی یوڤێنتوس بووە، لە 2016 - 2018 راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی بووە و لە 2019 تاوەکو 2021یش راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بووە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، کۆنتی پێشینەی بەربژێرانی ئەو راهێنەرانەیە کە یانەکە دەیەوێت بیانکاتە راهێنەری تیپەکەی لە شوێنی گارسیا کە لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە مەشقدانی تیپەکەی وەرگرتووە و چارەنووسی لە مەترسیدایە، پاشئەوەی یانەکەی لە دوا گەڕی خولی ئیتاڵیادا لە هەفتەی هەشتەم، 3 - 1 بەفیۆرێنتینا دۆڕا.
 
شکستەکەی فیۆرێنتینا دووەم شکستی لەسەریەکبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پاشئەوەی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی خۆیدا بە 3 - 2 گۆڵ بە ریال مەدرید دۆڕا لە گەڕی دووەمی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە.
 
ئەو شکستە هەروەها سێیەم شکستی ناپۆلی بوو لە یاریگەی خۆیدا، لە کۆی دوایین دە یاریی کە یانەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامیداون.
 
ناپۆلی پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیای گرتووە بەکۆکردنەوەی 14 خاڵ، بەجیاوازیی نۆ خاڵ لەپاش میلانی پێشەنگی خولەکە و ئەو دۆخەی ئێستا یانەکەی تێدایە، خراپترین سەرەتایە لە وەرزی 2016 - 2017ەوە کە ئەوکات یانەکە تەنیا 14 خاڵی کۆکردبووەوە لە ژێر سەرپەرشتی ماوریسیۆ ساری، راهێنەری ئیتاڵیدا.
 
ئۆریلیۆ دی لاورێنتس، سەرۆکی یانەی ناپۆلی، پێشتر ئاماژەی روونی بەوەداوە کە رۆدی گارسیا لە مەشقدانی یانەکە دووردەخاتەوە. دی لاورێنتس لە ئیڤێنتێکی زانکۆی رۆما گوتی، "لەگەڵ گارسیا بەکاتێکی خراپدا تێدەپەڕم، من بزنسمانم و ئەرکی سەرشانمە بایەخ بە بزنسەکەم بدەم. لە کاتی پێویستدا بڕیارە دروستەکان دەدەم. من دەبێ کاتی پێویستم بۆ بیرکردنەوە هەبێت، هەموو بڕیارێکی خێرا، خراپە".
 
گارسیا لای خۆیەوە هەست بەگوشارەکانی سەری دەکات. ئەو راهێنەرە کە بووە شوێنگرەوەی لۆچیانۆ سپالێتی، کە توانی لە 1990ەوە بۆ یەکەمجار نازناوی خولی ئیتاڵیا بۆ ناپۆلی بباتەوە، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا دەستی لەپۆستەکەی هەڵگرت و پاشانیش بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لەگەڵ یانەکەی لە دۆخێکی باشدا نییە.
 
رۆدی گارسیا لە دوای شکستەکەی فیۆرێنتینا گوتی، "نابێ هەموو خەتاکە بخرێتە ئەستۆی یاریزانەکان، منیش بەرپرسم لە شکستەکە".
 
ئەو هەروەها گوتی، "ئێمە هەلێکی گەورەمان بۆ مانەوە لە نێو ریزی چوار یانەکەی پێشەنگ و خۆقایمکردن لە پلەی سێیەمدا لەدەستدا، دەبێ زوو دۆخمان راست بکەینەوە".
 
دوای دوو رۆژ لە لێدوانەکانی گارسیا، سەرۆکی یانەکە هەڵمەتی بۆ گوشار خستنە سەر راهێنەرەکەی دروستکرد. دی لاورێنتس گوتی، "کاتێک راهێنەرێک دەهێنیت و ئاگای لە گۆڕانکارییەکانی خولی ئیتاڵیا نییە، رووبەڕووی ئەم جۆرە دۆخە دەبیتەوە، بەڵام دەکرا ئەم دۆخە بەسەر هەر راهێنەرێکی دیکەشدا بێت".
 
میدیای ئیتاڵیا گوتوویانە، سێ یاریی داهاتووی یانەکە چارەنووسی گارسیا دیاریی دەکەن، ئەگەر دۆخەکە باش بەڕێوەنەچێت، ئەو راهێنەرە لە یانەکە دووردەخرێتەوە و هەریەکە لە ئانتۆنیۆ کۆنتی و ئیگۆر تۆدۆر، دیاتریرن بەربژێرن بۆ شوێنگرتنەوەی گارسیا.