کریسپۆ لە مەشقدانی یانەیەکی قەتەری دوورخرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی دحێلی قەتەر، هەڵگری نازناوی خولی نێوخۆی ئەو وڵاتە، رێکەوتنی لەگەڵ هێرنان کریسپۆی راهێنەری ئەرجەنتینی راگەیاند، بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانیان بەڕەزامەنی هەردوولا، پاش دابەزینی ئاستی یانەکە.
 
یانەی دحێل بڵاویکردووەتەوە، پاشەکشەی ئەنجامەکانی تیپەکە و کەمبوونەوەی هەلی پەڕینەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی تیپەکە بەرامبەر یانەی پیرۆزیی ئێرانی، هۆکاری گەیشتنە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کریسپۆیە.
 
دحێل کاروانی خۆی لە کۆمەڵەی پێنجەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بە یەکسانبوون لەگەڵ ئیستقلال دووشنبەی تاجیکستان دەستپێکرد، بەرلەوەی بە پیرۆزیی ئێرانی بدۆڕێت.
 
کۆی خاڵەکانی پاڵەوانی قەتەر لە پاڵەوانێتییە ئاسیاوییەکە یەک خاڵە کە بەهۆیەوە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و ئەوەش هەلی گەیشتنی یانەکە بەقۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە زەحمەت دەکات.
 
لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، پاڵەوانی هەر کۆمەڵەیەک لە دە کۆمەڵەی پاڵەوانێتییەکە دەگەنە قۆناخی داهاتوو، لەگەڵ باشترین سێ یانەی دووەمی بەشی رۆژهەڵاتی پاڵەوانێتییەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکان و سێ باشترین دووەمی بەشی رۆژئاوای پاڵەوانێتییەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکان.
 
کریسپۆ وەرزی رابردوو سێ نازناوی نێوخۆیی لەگەڵ دحیل بەدەستهێنا کە بریتیبوون لە خول، جامی قەتەر و جامی خولی ئەستێرەکان، لەگەڵ یانەکەشدا گەیشتە قۆناخی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
 
دحێل لە دوای ئەو دەستکەوتانە، لە هاوینی رابردوودا گرێبەستی کریسپۆی نوێکردەوە بۆ ماوەی ساڵێک. 
 
سەرچاوە قەتەرییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستۆف گالتێ، راهێنەری پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، شوێنی کریسپۆ دەگرێتەوە لە مەشقدانی دحێل.
 
کریسپۆ، وەک یاریزان لە یانەکانی چێڵسی ئینگلیزی، میلان و ئینتەرمیلان و پارما یارییکردووە و سەرەتاش لە ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینییەوە دەرکەوتووە.
 
هێرنان کە لە ساڵی 2014ەوە بووەتە راهێنەر، کاری لەگەڵ یانەکانی مۆدینا، بێنفیکا، ساوپاولۆ و دحێلی قەتەری کردووە.