لۆکا مۆدریچ: پشووم ناوێت و هەموو سێ رۆژ جارێک دەتوانم یاریی بکەم


رووداو دیجیتاڵ

لۆکا مۆدریچی کرواتی، یاریزانی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بێدەنگیی شکاند و باسی لە دۆخی خۆی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و توانای یارییکردنی کرد.
 
مۆدریچ ئەمساڵ یاریزانی سەرەکیی پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی نییە لە ریال مەدرید و لە زۆرینەی یارییەکانی ئەو یانەیەدا لەسەر کورسیی یەدەگە، ئەوەش ئەو یاریزانەی نیگەرانکردووە.
 
مۆدریچ باسی لە ویستی خۆی بۆ یارییکردن بەبەردەوامی کردووە. لە کاتی ئامادەبوونی لە کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی کرواتیا بەرۆژنامەڤانانی راگەیاند، "بەدڵنیاییەوە من ئێستا دۆخێکی نویم هەیە لە ریال مەدرید، هەمان ئەو کاتەم نییە بۆ یارییکردن کە وەرزی پێشوو هەمبوو، ئەوەش ئەو چارەنووسە نییە کە من دەمەوێت".
 
لەماوەی رابردوودا، میدیاکان چەندینجار باسیان لە نیگەرانییەکانی مۆدریچ بەرامبەر دۆخی خۆی لە یانەی ریال مەدرید کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو یاریزانە هەڕەشەی رۆیشتن لە یانەکەی کردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، ئەگەر ماوەی زیاتری یارییکردنی پێنەدرێت.
 
ئەو دەڵێ، "من دەمەوێت بەبەردەوامی یاریی بکەم، نەک ناوەناوە پشوو وەربگرم، یان مۆڵەتم بدرێتێ، تەنیا دەمەوێت یاریی بکەم".
 
بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆبوونەوەیەکی داڤید بێکهام لەگەڵ مۆدریچ لە ماوەی رابردوودا، دەنگۆی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە ئەو یاریزانە نزیکە لە پەیوەندیکردن بەیانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی کە بێکهام خاوەندارێتی دەکات.
 
لۆکا گوتوویەتی، "نامەوێ لە دەرەوەی یاریگە بم، تەنیا دەمەوێت یاریی بکەم، ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم هەر سێ رۆژ جارێک یاریی بکەم، چونکە من هیچکات هەست بەوە ناکەم کە توانای جەستەییم باش نییە".
 
هەروەها دەڵێ، "هەموو ئەوەی روودەدات، پڕۆسەیەکی سرووشتییە، بەکورتییەکەی من شتەکان قبووڵ دەکەم، دەبێ لە رووی دەروونییەوە خۆمی بۆ ئامادە بکەم و قبووڵی دەکەم و بەردەوام دەبم لە هەنگاونان".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی کۆی ئەو دەنگۆیانەوە کە باسیان لە تووڕەیی لۆکا مۆدریچ کردووە، چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو لەوە تێدەگات و مۆدریچ حەزی لێیە بەردەوام یاریزانی سەرەکی بێت لە تیپەکەدا.
 
گرێبەستی مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید، لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت و ئەگەر ئەو یاریزانە تائەوکاتە لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، لە هاویندا دەتوانێ بەخۆڕایی پەیوەندی بەهەر یانەیەکەوە بکات، کە خۆی دەیەوێت.