ڤیدیۆ؛ تۆتێنهام کار بۆ بردنەوە لە فرانکفورت دەکات

12-10-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
تۆتێنهام - فرانکفورت 22:00
تۆتێنهام - فرانکفورت 22:00
نیشانەکردن فرانکفورت تۆتێنهام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەیەکی ئاڵۆز و چوار یانەی نزیک لە یەک لە ئەنجامدا و ململانێیەکی سەخت لەپێناو پەڕینەوەدا و هەبوونی ئومێد لای هەمووان بۆ گەیشتنە قۆناخی شانزە، ناونیشانی کۆمەڵەی چوارەمی چامپیۆنزلیگە.
 
لە کۆمەڵەکەدا، سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی پێشەنگی کۆمەڵەکەی بە شەش خاڵ گرتووە، تۆتێنهام و ئاینتراخت فرانکفۆرت بە چوار خاڵ و مارسیلیاش بە سێ خاڵ بەسەر پلەکانی کۆمەڵەکەدا دابەشبوون، نە کەس لە پەڕینەوە دڵنیایە و نەکەسیش لە پەڕینەوە بێئومێدە، ئەنجامە دراماتیکییەکانی هەفتەی پێشووی پاڵەوانێتییەکە، وایکردووە هەمووان تاوەکو ئێستا لە خۆیان راببینن کە لە قۆناخی داهاتوو بن.
 
تۆتێنهامی ئینگلیزی کە لە گەڕی پێشوودا لەگەڵ ئاینتراخت یەکسانبوو، ئەمجارە لە یاریگەی خۆیدا میوانداری هەمان یانە دەکات.. تۆتێنهام کە لە هەفتەکانی رابردوودا لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا ئەنجامەکانی باشنەبوون و یانەکە خاڵی بەرچاوی لەدەستدا. بەبردنەوە لە برایتن لە پرێمەرلیگ، کەمێک کەوتەوە سەر راستە ڕێ و ئەمشەو پێویستی بەوە هەیە لە بەرامبەر میوانەکەیدا بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە، دەنا دەکەوێتە نێو گێژاوی لێکدانەوەی قورسەوە لە ئەگەرەکانی سەرکەوتن و سەرنەکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
سپۆرتینگ لیسبۆنا کە لە گەڕی پێشوودا بەرامبەر مارسیلیا دووچاری شکستێکی لەناکاو و گەورە هات، ئەو تیپە کە بەرامبەر مارسیلیا یاریکرد لە کاتێکدا یانە فەرەنسییەکە بەهۆی سزادانەوە بەبێ جەماوەر هاتبووە یاریگەوە، لە خولەکی یەکدا گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام دواتر ئاراستەکانی یارییەکە بەسەریدا قڵپ بوونەوە و مارسیلیا چوار گۆڵی تۆمارکرد و بەوەش ئەوەی لیسبۆنا پێشبینی نەدەکرد روویدا و یارییەکە ئاراستەیەکی پێشبینینەکراوی بەخۆوە بینی.
 
سپۆرتینگ ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا یاریدەکات، پێویستیی زۆری بە خۆ راستکردنەوە و تێپەڕاندنی ئەو خەمۆکییە هەیە کە گەڕی پێشوو تووشی هات، لە کاتێکدا مارسیلیای فەرەنسی بەهۆی بیرکردنەوە و فۆکەس خستنە سەر یارییەکەی بەرامبەر سپۆرتینگ، لە نێوخۆی فەرەنسادا بە ئەجاکسیۆ دۆڕا کە یەکێکە لە یانە خراپەکانی ئەمساڵی خولەکە و ئیدی ئیگۆر تیۆدۆری راهێنەر ئەوە دەزانێت کە یارییەکەی ئەمشەوی، یاری مان و نەمانە.
 
ریزبەند و خاڵ و پێویستیی تیپەکانی کۆمەڵەکە بەبردنەوە، لێکدانەوەی قورس لەبارەی پێشبینی ئەنجامەکانی ئەمشەو دەهێننە ئاراوە و بۆی هەیە درێژە بەو ئاراستەیەی کۆمەڵەکەش بدەن کە لە دوا گەڕەکاندا دەستنیشانی بکات کێ دەچێتە دەرەوە و کێ لە پاڵەوانێتییەکە بەردەوام دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە